داعش 4 هەزار خانووی لە سنوونێ تەقاندوونەتەوە.. داوای خەرجكردنی بوودجەی ئاوەدانكردنەوە دەكرێت

سنوونێ-KDP.info- بەڕێوەبەری شارەدێی سنوونێ رایگەیاند، ماوەی دوو ساڵە حكوومەتی عێراق بوودجەی تایبەت بە شارەدێی سنوونێی خەرج نەكردووە، بۆیە داوا دەكەن بوودجەكەیان بۆ خەرج بكەن تا لە ئاوەدانكردنەوەی شارەدێیەكەدا خەرجی بكەن و، هاووڵاتیانیش بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.
(نایف سەیدۆ)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لەگەڵ ئازادكردنی شنگال لە چنگ تیرۆریستانی داعش، هاووڵاتیان دەستیان كرد بە گەڕانەوە بۆ سنوورەكەمان كە ژمارەیەك لەوانە خەڵكی شنگال و دەوروبەری بوون، بەپێی ئەو ئامارەی لە بەردەستیشماندایە، خەڵكی شارەدێی سنوونێ و گرعوزێر و شنگال و كۆمەڵگاكانی سەر بە شنگال، كە نزیكەی 3500 خێزان دەبن، زۆربەیان لە ژێر خێمەدان، لەبەر ئەوەی تیرۆریستانی داعش زۆربەی خانووەكانیان تەقاندوونەتەوە كە نزیكەی 4 هەزار خانوو دەبن".
(سەیدۆ) گوتیشی، سنووری شارەدێی سنوونێ لە دوای ئازادكردنیەوە زۆر ئارامە و سەرجەم دەستگاكانی حكوومەت رۆژانە كارەكانی خۆیان بە باشی بەڕێوە دەبەن.
بەڕێوەبەری شارەدێی سنوونێ دەشڵێت: "ماوەی دوو ساڵە حكوومەتی عێراق لە بوودجەی شارەدێیەكەمان هیچ بڕەپارەیەكی خەرج نەكردووە، ئەوەی كراوە و دەكرێت لە بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگای مووسڵ بووە، هەروەها پارێزگای دهۆكیش بەردەوامە لە هاوكاریكردنی سنوونێ بەپێی توانا، بۆیە داوا دەكەین بوودجەی شارەدێیەكەمان خەرج بكرێت و پاڵپشتییەكی گەورە هەبێت بۆ ئاوەدانكردنەوەی سنوونێ تا خەڵك بگەڕێنەوە".
شارەدێی سنوونێ، سەر بە شارۆچكەی شنگالە و 25 كیلۆمەتر لێیەوە دوورە، بەرلە هێرشی تیرۆریستانی داعشیش بۆ سەر شارەدێكە، ژمارەی دانیشتووانی سنوونێ نزیكەی 148 هەزار كەس بوو، كە بریتی بوون لە 24 هەزار خێزان.
نەشوان بەرزنجی




