قهبارهی ئاڵوگۆڕی بارزگانیی نێوان ههرێم و ئێران شەشحەفت ملیاره

ههولێر -KDP.info- (عەبدوڵا ئاکرەیی) بەڕێوەبەری گشتیی پێوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران ڕایگەیاند قەبارەی ئاڵوگۆڕبازرگانی لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان 6 بۆ 7 ملیار دۆلارە .
(عەبدوڵا ئاکرەیی) بەڕێوەبەری گشتیی پێوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند بڕیارە دەروازەیەکی تری سنووری لە نێوان ئێران و هەرێم بکرێتەوە، گوتیشی: "دەروازەی کێلێ هەیە کە تا ئێستا وەکو دەروازەیەکی فەرمی مامەڵەی لەگەڵدا نەکراوە، لە ماوەی ڕابردوودا کە وەفدێکی حکوومەت لە ئیران بوون لەگەڵ پارێزگاری ورمێ ڕێکەوتنێک کراوە بۆ ئەو مەبەستە."
(عەبدوڵا ئاکرەیی) سەبارەت بە وردەکارانی ڕێکەوتنەکە گوتی: "ڕێکەوتن کراوە کە ئێمە 40 کابینە ببەین بۆ مەرزەکە، ئێرانیش لەسەر سنوور ئاو و کارەبا دابین بکات تا مەرزەکە کاری خۆی بکات و پاشان کارەکانی تر تەواو بکەین و 18 کیلۆمەتریش لە نێوانی هەردوو لا قیرتاو بکەین؛ کۆمپانیایەکی ئێرانی قیرتاوەکە دەکات و پاش دوو ساڵی دی حکوومەت پارەی پێ بدات."
بەڕێوەبەری گشتی پێوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران ئەوەی خستە ڕوو کە ئێستا سێ دەروازەی فەرمی لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێراندا؛ پەروێزخان و حاجیئۆمەران و باشماخ. گوتیشی: وێڕای ئەو 3 دەروازە فەرمیە چەند دەروازیەکی نافەرمییش هەیە، دەروازەی کێلێ، بانێ بۆ چۆمان، تەوێڵە بۆ پاوە؛ ئەوانە دەروازەی فەرمی نین و هەوڵ هەیە بکرێنە فەرمی.
ئەو بەرپرسەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران سەبارەت بە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەردوو لادا دەڵێ: "پێرار ئاڵوگۆڕی نێوان ئێران و عێراق 12ملیار دۆلار بوو، کە لەو 12ملیارە، 8ملیاری لەگەڵ کوردستان بوو، بەڵام ئێستا ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و کوردستان 6 ــ 7 ملیار دۆلارە."
یەحیا سابیر




