٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەفر، جموجۆڵی بارزگانی و گەشتیاریی پەك خستووە

سەرچاوە: KDP.info

سۆران-KDP.info-  شەپۆلی بەفربارین لە سنووری حاجی ئۆمەران بەردەوامە و، بە هۆی خێرایی باوە ئاستی بینین كەم بووەتەوە، لەبەر ئەوەی ڕێگەوبانەكانیش لە دیوی ئێرانەوە خاوێن نەكراونەتەوە، جموجۆڵی گەشتیاری و بازرگانی لە دەروازەی حاجی ئۆمەران پەكی كەوتووە، لەگەڵ ئەوەی لە زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان ئاستەنگی هاتوچۆ دروست بووە و هاووڵاتیان ناتوانن هاتوچۆ بكەن.

(مەغدید عەریف) بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە سنووری نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بەفرێكی باش باریوە، ئێستایش بەفربارین هەر بەردەوامە، لەگەڵ بارینی بەفریشدا بایەكی بەهێز دێت و ئاستی بینین كەم بووەتەوە، بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەكەین ئەگەر ناچار نەبن سەردانی شوێنەكە نەكەن و هاتوچۆ نەكەن، لەگەڵ ئەوەیشدا ئەوانەی دێن زنجیر ببەستن، ئەگەرنا ناتوانن بە ئاسانی هاتوچۆ بكەن".
سەبارەت بە جموجۆڵی بازگانی و گەشتیاری، بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران ئاماژەی دا: "لە دیوی هەرێمی كوردستان تا ڕادەیەكی باش رێگەكان خاوێن كراونەتەوە، بەڵام بە هۆی بەفربارینەوە بەردەوام ڕێگەكان دەگیرن، لەگەڵ ئەوەیشدا تیمەكانی ڕاماڵینی بەفر و بەرگریی شارستانی بۆ هەر حاڵەتێكی نەخوازراو لە ئامادەباشیدانە، بەڵام ئەوەی تایبەت بێت بە دیوی ئێران، تا ئێستا ئەوان خاوێنیان نەكردووەتەوە، بۆیە بەو هۆیەوە جموجۆڵی بازرگانی و گەشتیاری نییە".
لەلایەكی دیكەوە، (سامان محەممەد) بەڕێوەبەری شارەدێی وەرتێ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە وەرتێ و دەوروبەریدا زیاتر لە 12 سم بەفر باریوە، تا ئێستایش بەفربارین بەردەوامە و، زۆربەی ڕێگەوبانەكان گیراون، بۆیە داوا لە رێگەوبانی سۆران دەكەین هەرچی زووە ڕێگەكان بكرێنەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بتوانن هاتوچۆ بكەن".

رابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار