٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیامێك لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانەوە

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان هه‌وڵێكی هه‌لبه‌ستراوی ژمارەیەك لە دەزگاكانی راگەیاندن ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ گوایە هەرێمی كوردستان، یارمەتیی دارایی لە شانشینی عەرەبی سعوودیاوە دەستكەوتووە، دووپاتیشی دەكاتەوە، لەو بارودۆخەدا و لەو كاتەی كە پرسی ئاوارەكان پێویستی بە یارمەتی و پاڵپشتیەكی زۆر هەیە، سەرتاپای ئەم هەواڵە دوورە لە ڕاستی و هیچ بنەمایەكی نییە.

ده‌قی په‌یامی  سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
بە داوەتێكی فەرمی و پڕ لە ڕێزەوە لەلایەن میرنیشینی یەكگرتووی عەرەبی و شانشینی عەرەبی سعوودیا، به‌ڕێز مه‌سعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەردانی هەردوو وڵاتی كرد بۆ پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ئەم دوو وڵاتە و هەروەها لەنێوان عێراق و پێكهاتەكانی لەگەڵ هەردوو وڵاتی دۆست، لەمیانەی دیدار و سەردانەكانی سەرۆك بارزانیدا، چەندین دۆسێی گرینگ هاتنە بەر باس و گفتوگۆ، لە پێشەوەی دۆسێكانیشدا پرسی شەڕی دژی داعش و پەیوەندیی ئابوری و دیپلۆماسی لەنێوان عێراق بە گشتی و كوردستان بە تایبەتی لەگەڵ هەردوو وڵاتدا، هەروەها پرسی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن.

بەداخەوە، ژمارەیەك لە دەزگاكانی راگەیاندن هەواڵی وایان بڵاو كردەوە گوایە هەرێمی كوردستان، یارمەتیی دارایی لە شانشینی عەرەبی سعوودیاوە دەستكەوتووە، بۆیە دووپاتی دەكەینەوە لەو بارودۆخەدا و لەو كاتەی كە پرسی ئاوارەكان پێویستی بە یارمەتی و پاڵپشتیەكی زۆر هەیە، سەرتاپای ئەم هەواڵە دوورە لە ڕاستی و هیچ بنەمایەكی نییە.

عێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان، پێویستی بە یارمەتی و پاڵپشتیی هەموو وڵاتانی دراوسێ و دۆستانی هەیە، بە تایبەتی ئێستا كە لە شەڕێكی زۆر سەخت و قەیرانێكی قووڵی ئابوریدایە، بۆیە لە سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ هەردوو وڵاتدا، ئەم پرسە زۆر بە ڕوونی جەختی لەسەر كرایەوە و مەترسییەكانی بە شێوەیەكی راشكاوانە خرانە ڕوو.

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

5ـی كانوونی یەكەم 2015ـى زایینى
 

هەواڵی پەیوەندیدار