لیوا نوورەدین: هێزە توركەكە هیچ پەیوەندییەکی بە پێشمەرگەوە نییە

باشیك-KDP.info- بەرپرسی عەمەلیاتی هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری باشیك دەڵێ زیاتر لە ساڵێكە هێزی حەشدینیشتمانی دروست كراوە و چەند ڕاهێنەرێكی تورك ڕاهێنانیان پێ دەكەن و دوو ڕۆژ لەمەوبەر ئەم ڕاهێنەرە توركانە ئالوگۆڕیان پێكراوە و وەجبەیەكی تر هاتنە شوێنیان و هێزێكی بچووكیان لەگەڵدایە بۆ ئەوەی بیانپارێزن و ئەم هێزە هیچ پەیوەندییەكیان بە هێزی پێشمەرگەو سەنگەرو بەرەكانی پێشمەرگەوە نییە.
(لیوا نوورەدین هەركی) بەرپرسی عەمەلیاتی هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری باشیك بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هیچ هێزێكی تورك نەهاتوونە بۆ ڕزگارکردنی مووسڵ. بەڵكو زیاتر لە ساڵێكە لەسەر داوای (ئەسیل نوجەیفی) پارێزگاری پێشووی مووسڵ هێزی حەشدینیشتمانی دروست كرا و چەند ڕاهێنەرێكی تورك هاتن ڕاهێنانیان پێ كردن، دوو ڕۆژ لەمەو بەر ئەم ڕاهێنەرە توركانە ئالوگۆڕیان پێ كرا و ئەوانی پێشوو چوونەوە توركیا و وەجبەیەكی تر هاتنە شوێنیان. ئەو هێزە هیچ پەیوەندییەكیشیان بە هێزی پێشمەرگە و سەنگەر و بەرەكانی پێشمەرگەوە نییە و سەربازگەكەیان زیاتر لە 7 كیلۆمەتر لەولای سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەوەیە."
بەرپرسی عەمەلیاتی هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری باشیك جەختیشی كردەوە: "خۆ هەر كۆمەڵە ڕاهێنەرێكی سەربازی بیانی بێـتە عێراق و مەشق بە هێزی تر بكات دەبێ هێزیكی تایبەت بە خۆشیان لەگەڵدا بێت تا بیانپارێزێت. ئەم ڕاهێنەرە توركیانەش كە شوێنیان گۆڕدراوە هێزێكی بچووكیان لەگەڵدا بووە بۆئەوەی بیانپارێزن، بەڵام تانك و تۆپ و چەكی قورسی وایان پی نییە و تەنها لە میدیاكاندا بابەتەكە گەورە كراوەتەوە."
لە كۆتایی ساڵی 2014دا و لە میحوەری باشیك لە سەربازگەی دووبەردان، هێزێك بە ناوی حەشدینیشتمانی لەلایەن ڕاهێنەری توركەوە مەشق و ڕاهێنانیان پێ دەكرێت كە لە خەڵكی مووسڵ پێك هاتووە و، ئەركی ڕزگاركردنی مووسڵیان پێ دەسپێردرێ.
سەرباز واحید




