٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زانیاری لەبارەی ھاتنی ھێزێكی تورکیا بۆ میحوەری باشیک

سەرچاوە: KDP.info

باشیک-KDP.info-  بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ دەڵێت، ئەو ھێزەی ھاتووە، تەنھا بۆ ئەوەیە کە مەشق و راھێنان بە ھێزی حەشدی نیشتیمانی بکات لەو سنوورە و، جگە لەوە ھیچ ھێزێکی دیکە نەھاتوو. فه‌رمانده‌ی میحوری باشیكیش ده‌ڵێ، ئه‌وان نه‌هاتوونه‌ته‌ سنووری پێشمه‌رگه‌وه‌.

(عیسمەت رەجەب) بە ماڵپەری فەرمیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: ''لە سەربازگەی دووبەردانی میحوەری باشیک، مەشق و ڕاھێنان بە ھێزی حەشدی نیشتیمانی بۆ شەڕی داعش دەکرێت و پێشتر ھەندێک لە راوێژکاری تورکیایی مەشق و ڕاھێنانیان پێدەکردن و، ئێستایش ئەو ھێزەی حەشدی نیشتیمانی زیادی کردووە، بۆیە ئەو راوێژکارانەش زیادیان کردووە و ھەندێک چەک و تەقەمەنیان لەگەڵ خۆیاندا ھێناوە، بۆ ئەوەیه‌ خۆیانی پێ بپارێزن، ئەگەرنا ھیچ ھێزێک نەھاتووە بۆ ناوچەکە جگە لەوانە.''
(ڕه‌جه‌ب) ڕوونی كرده‌وه‌، ئه‌و هێزه‌ پێشتریش لە ناوچەكه‌د ھەبوون، راستییه‌كه‌ی ئه‌وان گۆڕانکارییان به‌هێزه‌كه‌یان کردووە و بۆ هیچ مه‌به‌ستێكی دیكه‌ نه‌هاتوون.''
بەرپرسی لقی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ گوتیشی، لەئێستادا ھەزار و50کەس ئامادەن و مەشق ڕاھێنانیان پێکراوە و، چوارھەزار و500کەسی دیکەش ناوی خۆیان تۆمار کردووە، بۆئەوەی ئامادە بکرێن بۆ شەڕی داعش و رزگارکردنی مووسڵ.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌، ئەو ھێزەی تورکیا ژمارەیان بەو شێوەیە نییە کە لە راگەیاندنه‌كانه‌وه‌ باسی لێوەدەکرێت و، ھێزێکی بچووکن و ته‌نیا بۆ مەشق ڕاھێنان ھاتوونە، هه‌ڵه‌بته‌ میدیا گەورەی کردووە.

هاوكات (حەمید ئەفەندی) كه‌ فەرماندەی بەرپرسی میحوەری باشیکی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یه‌، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: ''لە میدیاکان دەنگۆی ئەوە بڵاو بووه‌تەوە کە ھێزێکی تورکیا ھاتووە بۆ میحوەری باشیک، بەڵام ئەو دەنگۆیە دورە لە راستییەوە و ھیچ ھێزێک بۆ میحوەری ئەوان نەھاتووە.''
ڕوونیشی کردەوە، ''من بەرپرسی میحوەرم و ھەرھێزێک بێتە ناوچەکە ئاگادارم و، بەبێ ئاگاداری من نایەت، بۆیە ھیچ ھێزێکی تورکیا نەھاتووەته‌ سنووری میحوه‌ری پێشمه‌رگه‌كانمانه‌وه‌.''

لە کۆتایی ساڵی 2014دا، لە میحوەری باشیک لە سەربازگەی دووبەردان، ھێزێک بە ناوی حەشدی نیشتیمانی مەشق راھێنانیان پێدەکرێت کە لە خەڵکی مووسڵ پێکھاتووە و، ئه‌ركی رزگارکردنی مووسڵیان پێ ده‌سپێردرێ.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار