"هێزی پێشمەرگە و خۆبەخشەكانی لالش و ناوەران كۆمەك كران"

هەولێر -KDP.info-پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی زەرد بە هاوكاری لقی 20، کۆمەکی برد بۆ هێزی پێشمەرگە و خۆبەخشەكانی لالش و میحوەری ناوەران؛ جەختیش دەكاتەوە كە بەردەوام دەبن و هەوڵ دەدەن سەرجەم پێداویستییەكانی پێشمەرگە دابین بكەن.
)هیڤا حاجی میرخان) ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی زەرد بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "من وەكو پەرلەمانتارێك بە هەماهەنگیی لقی 20ی پارتیی دیموكراتی كوردستان، بۆ ئەم وەرزی زستانە، لە میحوەری ناوەران و لالشدا جلوبەرگی زستانەمان پێشکەش بە هێزی پێشمەرگە و ئەو خۆبەخشانە کرد کە شەڕی ئازادكردنی دەڤەری شنگالیان کردووە."
)میرخان) ئاماژەیشی دا: "هاوكارییەكانی ئەمرۆ پێك هاتووە لە (100) قەمسەڵەی زستانە و چەندین پێداویستی تر. لەمەوبەریش (1000) قەمسەڵەی ترمان لە میحوەر و ناوچەكانی تردا دابەش كردووە. لەمەولایش ئەم هاوكاریانەمان بەردەوام دەبێت و هەوڵ دەدەین چەندمان پێ بکرێ، پێداویستیەكانی هێزی پێشمەرگە دابین بكەین."
ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی زەرد جەختیشی كردەوە: "پێویستە بە هەموو شێوەیەك هەموو لایەك بەبێ جیاوازی ڕەنگ و ئایین و بیركرنەوە هەوڵ بدەین كۆمەكی هێزی پێشمەرگە بکەین، چونكە ئەم هێزە بەبێ جیاوازی سەرجەم نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی هەرێمی كوردستانی بە درێژایی هەزارو50 كیلۆمەتر پاراستووە لە چنگی تیرۆرستانی داعش و بەرگری لە خاكی پیرۆزی كوردستان دەکات."
سەرباز واحید




