كۆمەڵەی بونیادی كوێتى، رێز لە دەزگای بارزانی دەنێت

كوێت-KDP.info- كۆمەڵەی بونیادی كوێتی لە ئۆفیسی سەرەكی خۆیان لە كوێت، پێشوازییان لە شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد و، رێزیان لە هەوڵ و ماندوبوونەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گرت.
لە سەردانێكدا بۆ كوێت بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆنفڕاسی ساڵانەی خێرخوازیی جیهانی ئیسلامی، شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كە پێك هاتووە لە (مووسا ئەحمەد) جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی و (كارزان نووری) بەرپرسی پێوەندییەكان، لەگەڵ كۆمەڵەی بونیادی كوێتی كۆ بوونەوە.
لەوبارەیەوە (مووسا ئەحمەد) رایگەیاند: "كۆمەڵەی بونیادی كوێتی یەكێكە لە كۆمەڵە خێرخوازییە گەورەكانی وڵاتانی عەرەبی و لە چەندین وڵات كاری خێرخوازیی ئەنجام دەدەن، بۆیە لە كۆبوونەوەدا بە وردی باسی ژیانی ئاوارە و پەنابەرانی كوردستانمان بۆ كردن بە تایبەت ئێستا وەرزی زستانە و ئاوارە و پەنابەران زیاتر پێویستیان بە هاوكاریی و ئاوڕلێدانەوەیە".
جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی زیاتر گوتی: "ئاگادارین كۆمەڵەی بونیادی كوێتی لە وڵاتانی عەرەبی كاری خێرخوازیی گەورە ئەنجام دەدەن، بەڵام تا ئێستا لە كوردستان زۆر چالاك نین، بۆیە داوامان كرد لە پلانی ساڵی داهاتوویاندا زیاتر گرینگی بە ئاوارە و پەنابەرانی هەرێمی كوردستان بدەن".
لای خۆیەوە كۆمەڵەی بونیادی كوێتی، وێڕای دەستخۆشی لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، رێزیان لە ماندووبون و هەوڵەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گرت، كە لە سەرجەم سێكتەرەكاندا هاوكاری پێشكەشی خەڵكی هەژار و لێقەوماو دەكات. هەروەها بەڵێنیان دا لە داهاتوودا زیاتر هاوكاری پێشكەشی خەڵكی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان بكەن.




