ئەمەریكا، یەكەم كاروانی كۆمەكی فریاگوزاریی گەیاندە هەولێر

هەولێر-KDP.info- ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، لە هەولێر دەستی بە دابینكردنی كەلوپەلی فریاگوزاری و پێویستیی زستانە كرد بۆ یارمەتیدانی ئەو خەڵكانەی كاریگەر بوون بە قەیرانی مرۆیی بە هۆی پەلامارەكانی داعشەوە، ئەمەیش دەستپێكی هەوڵێكی گەورەتری ئەمەریكایە بۆ یارمەتیدانی ئەو ئاوارە ناوخۆیی و پەنابەرانەی پێویستییان بە یارمەتییە لە سەرانسەری وڵاتدا لە كاتێكدا كە وەرزی زستان دەست پێ دەكات.
دابەشكردنی ئەم یەكەم كاروانی كۆمەكەكە، كۆمەڵێك كاروانی تری كۆمەكی بە دوادا دێت لە هەفتەكانی داهاتوودا بۆ سەرانسەری عێراق، لە كاتێكدا ئەمەریكا لە هەماهەنگیی نزیكدایە لەگەڵ هاوشانە مرۆییە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكان بۆ دابینكردنی یارمەتیی زستانە بۆ ئەو كەسانەی كە پێویستیانە.
لە كاتێكدا بە خێرایی لەوەرزی زستان نزیك دەبینەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەست دەكات بە دابینكردنی كەلوپەلی فریاگوزاریی زۆر پێویست وەك جلوبەرگی زستانە و كۆت بۆ زیاتر لە ٥٠٠ هەزار منداڵ، هەروەها بەتانیی گەرم و پێداویستیی خاوێنكردنەوە و خەزانی ئاو و سۆپا و ئەو گڵۆپانەی بەتیشكی خۆر كار دەكەن بۆیارمەتیدانی ئاوارەكانی ناوخۆ و پەنابەران تاوەكو بتوانن لەگەڵ كەشوهەوای ساردی زستاندا هەڵبكەن. ئەو كاروانی یارمەتییەی كە دوێنێ لە هەولێر دابەش كرا، داپۆشەری پلاستیكییشی لەخۆ گرتبوو بۆ ئەوەی یارمەتیی ئاوارە ناوخۆییەكانی عێراق بدات پەناگەكانیان لە باران و بەفر بپارێزن.
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، زیاتر لە ٦٠٣ ملیۆن دۆلاری بۆ كۆمەكەكانی پاراستنی ژیان بۆ خەڵكی عێراق خەرج كردووە لەوەتەی دروستبوونی قەیرانەكانەكەوە، هەروەها پابەندیش دەبێت بە یارمەتیدان و بەهاناوەچوونە مرۆییەكان.




