"ههوڵ دهدرێ دووپله له گهرمای زهوی كهم بكرێتهوه.. كوردیش بهشداره"

پاریس-KDP.info- (د. شیرین حوسنی) دەڵێ، وهك كورد بهشداریمان لە كونفرانسی تایبەت بە گۆڕانی كەشوهەوا لە پاریس كردووە كه لهو كۆنفرانسهدا ههوڵدهدرێ پلهی گهرمای زهوی دووپلهی سیلیزی كهم بكرێتهوه.
(د. شیرین حوسنی) بڕیاردەری لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند كە: "لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمانی كوردستان بەشداری لە كونفرانسی تایبەت بە گۆرانی كەشوهەوا لە پاریس كردووە. هەوڵ دەدری لەم كۆنفرانسەدا دوو پلەی سیلیزی پلەی گەرمای زەوی كەم بكرێتەوە و ڕێكەوتننامەی كیۆتۆ هەڵبوەشێندرێتەوە و لە كۆتایی كۆنفرانسەكەدا ڕێكەوتنێكی نوێ بەناوی ڕێكەوتنی پاریس واژۆ بكرێت. لەم ڕێكەوتن نامەیەدا چەند خاڵێكی گرنگ هەیە كە هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە بۆیە ئێمەش بەشداریمان کردووە لەم كۆنفرانسەدا. وڵاتی عێراق بۆ یەكەم جارە بە بەیاننامەیەك بەشدارە لەم كۆنفرانسەدا بۆ ئەوەی ئەویش بە چەند بەرنامەیەكی دیاریكراو بەكەم كردنەوەی ئەم غازانەی كە دبنە هۆی گەرم بوونی گۆی زەوی بەشداربێت لە كەم كردنەوەی پلەی گەرمی زەوی."
(حوسنی) ڕاشیگەیاند: "ئەم خاڵە گرینگانەی كە پێوەستن بە هەرێمی كوردستان لەم بەڵێن نامەیەدا، یەكێكیان دروستكردنی دارستانە لە هەرێمی كوردستان، چونكە ڕێژەی دارستان لە هەرێم كەم بووەتەوە بە هۆی سووتان و خۆڵبارینەوە. یەكێكی تریان ئەوەیە كە لەهەرێمی كوردستان ڕێژەی باران بارین گونجاوە، بەڵام لە ناوچەیەك بۆ ناوچەیەكی تر جیاوازە. بۆیە پێویستە لە هەرێمی كوردستان بەنداو دروست بكرێت بۆئەوەی سوود لە ئاوی باران وەربگیردرێت."
خاڵیكی تری هەرە گرنگ ئەوەیە كە بەرهەم هێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری تێدا بكرێ و لە بری دیسڵ سود لە سەرچاوە سروشتییەكان وەربگیردرێت یان غاز بەكار بهێندرێت، خۆ هەرچەندە ئەمە لە بەرنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هەیە و هەوڵی بۆ دراوە، بەڵام بە هۆی قەیرانی دارایی و ژمارەی زۆری كۆچبەران و بارودۆخی هەرێمەوە نەتواندراوە ئەم هەوڵانە جێبەێ بكرێت."
بڕیاردەری لیژنەی تەندروستی و ژینگە جەختیشیكردەوە: "ئێمە سورین لەسەر ئەم خاڵانەی سەرەوەو هاوكاری دارایی بە هەرێمی كوردستان بدرێت، چونكە بارودۆخی هەرێمی زۆر جیاوازە لە ناوچەكانی ترو پێویستە هەموو هاوكاریەكی نێودەوڵەتی ئاراستەی هەرێمی بكریت بۆ پاراستنی ژینگە. بە هەموو شێوەیەك لە هەوڵداین هاوكاری بۆ هەرێمی كوردستان بەدەست بێنین لە ڕێگەی سندووقی سەوزەوە. عێراق هەر هاوكاریەك وەربگرێت بەشی هەرێمیشی تێدایە."
سەرباز واحید




