"کڵێسەی ئێمە کڵێسەی شەهیدانە"

پۆڵۆنیا-KDP.info- له پۆڵۆنیادا كۆنگرێسی ئهورووپا بۆ پاراستنی دیان (كریستیان)ـهكانی رۆژههڵاتی ناوین دیدارێك ساز درا كه نوێنهری حكوومهتی ههرێمی كوردستانیش لەوێ بوو و جهخت له پاراستنی دیانەکان كرایهوه و پێشكهیشكردنی هاوكاریش بۆ دیانەکان تهوهرێكی دیكهی دیدارهكه بوو.
زیاد ڕەئووف نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا بەشداریی کرد لە کۆنگرێسی ئەوروپا بۆ بەرگریکردن لە دیانەکان. ڕێکخەری سەرەکی بۆنەکە، گڕوپی پارێزگار و ڕیفۆرمخوازەکان بوون – EKR – فراکسیۆن لە پەرلەمانی ئەوروپا. ڕێکخەرانی کۆنگرێسەکە، زانکۆی یاگێلۆنیان و دەزگای خێرخوازی "هاوکاری کڵێسە بکە لە پێویستیدا" بوون. لە دیدارەکە کەسایەتی ناوداری کڵێسە و نوێنەرانی پایەبەرزی گۆڕەپانی سیاسی و کولتوور و زانست بەشدارییان کردبوو. لە نێوا کەسایەتیە ئایینییەکاندا، مەتران و قەشەی هەریەك لە میسر و پاکستان و عێڕاق ئامادە بوون.
کۆنگرێسی ئەوروپا بۆ بەرگری لە دیانەکان دەستی پێکرد بە وتاری هەریەك لە مەترانی شاری کراکۆڤ کاردیناڵ ستانیسلاڤ جیڤیش Stanisław Dziwisz و هەروەها ئەندام پەرلەمانی ئەوروپا ڕیشارد لێگوتکۆ Ryszard Legutko، کە گرنگترین تـێـزی گفتوگۆکانی بۆ میوانان خستەڕوو، کە ئەمانە بوون: ئایا سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە بەرانبەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سیاسەتێکی ناکارایە؟ بۆچی یارمەتی مرۆیی بۆ ئاوارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێشتا لە ئاست پێویستی دا نیە ؟ چۆن بە شێوەیەکی کاریگەر بەرگری لە مافەکانی دیانەکان بکەین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟
پاتریارکی کلدانی بابلی مەتران شلێمۆن وەردونی وتارێکی بزوێنەری پێشکەش کرد، داوای کرد کە ئەوروپا و ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان درك بە ئازارەکانی دیانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن. ئاماژەی بەوەدا، کە مەبەست لێرە ئیمتیازی تایبەت نیە، بەڵکو دەستەبەر کردنی مافە سەرەتاییەکانە لە دەستوردا. مەتران وتارەکەی خۆی بە داوایەکی خەمناك کۆتایی هێنا و گوتی: "کڵێسەی ئێمە کڵێسەی شەهیدانە، بڕوادارانیش ئێستا هەست دەکەن، کە کەس نیە بەرگرییان لێ بکات."
هەروەها لە میانەی کۆنگرێسەکە، وتارێکی جێ بایەخ لە لایەن پرۆفیسۆر کشیشتۆڤ شچێرسکی Krzysztof Szczerski وەزیر لە دیوانی سەرۆکی پۆڵۆنیا پێشكەش کرا، ئاماژەی دا، کە ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەنگی ئایینی نیە، بەڵکو ململانێی سیاسی و ئابووریە، ئایینیش بەداخەوە بووەتە قوربانی دەستی ئەو ململانێیە. پرۆفیسۆر کشیشتۆف شچێرسکی سیاسەتوانانی ئەوروپای بەوە تاوانبار کرد کە باسی چارەنوسی دیانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناکەن، هەروەها تیشكی خستەسەر ئەوە، کە یارمەتی دانی دیانەکان دەبێ بە ئامانجی ئەوە بێت کە هانیان بدرێت بۆ مانەوەیان لە ناوچەکانی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەوەك بەجێ هێشتنی خاكی خۆیان و کۆچ کردن بۆ ئەوروپا. پرۆفیسۆر هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە سەرۆك ئاندژێی دودا Andrzej Duda لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە بە شێوەیەکی بەردەوام چارەنوسی لێقەوماوانی کەمە نەتەوە و ئایینییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە بەر باس، هەروەك لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرك کردی.
پرۆفیسۆر کشیشتۆف ستشاوکا Krzysztof Strzałka لە زانکۆی یاگێلۆنیان فۆرمێکی جێ بایەخی هاوکاری کردنی دیانەکان خستەڕوو. ئاماژەی بە ئەزموونی زۆر وڵات کرد، کە تیایدا بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە دامەزراوە تایبەتەکان چاودێری ئازادی ئایینی دەکەن، لەوانە، ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا، ئیتاڵیا و بەریتانیا.
دوای بەشی فەڕمی کۆنگرێسەکە، زیاد ڕەئوف دەرفەتی چەند گفتوگۆیەکی پڕبایەخی لەگەڵ میوانەکان بۆ ڕەخسا. لەگەڵ مەتران شلێمۆن وەردونی گفتوگۆی کرد لەسەر بارودۆخی دیانەکان لە عێڕاق و هەروەها لەبارەی ماددەی جێ مشتومڕی 26 لە دەستوری عێڕاق. هەروەها ئەندام پەرلەمان ڕێشارد لێگوتکۆ لە کاتی گفتوگۆکانی لەگەڵ نوێنەری حکومەت، ئارەزووی بەردەوام بە پەیوەندی دان و ڕێکخستنی دیدارێك لە نزیکترین دەرفەتدا دەربڕی.
دواتر زیاد ڕەئوف گفتوگۆی لەگەڵ وەزیر لە دیوانی سەرۆکایەتی پرۆفیسۆر کشیشتۆف شچێرسکی ئەنجام دا. دەستخۆشی وروژاندنی ئەو بابەتە گرنگانەی لێ کرد لە کاتی کۆنگرێسەکە. پرۆفیسۆر شچێرسکی لە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ نوێنەری حکوومەت، ددانی بەوەنا کە سیاسەتی پۆڵۆنیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سیاسەتێکی بە پێی پێویست چاڵاك نەبوو لەو چەند ساڵەی دواییدا. بەڵام ڕایگەیاند کە سەرۆکی پۆڵۆنیا و حکوومەتی نوێی ئەو وڵاتە دەیانەوێ ئەوە بگۆڕن و کاریگەری پۆڵۆنیا لەو بەشەی جیهان بنیاد بنێن.




