٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەر پێشمەرگەیەك پێویستی بە چارەسەر هەبێت، ڕەوانەی دەرەوەی وڵات دەكرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری پزیشكی لە وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیێنێت، بەپێی راپۆرتی پزیشكی، هەر بریندارێكی هێزی پێشمەرگە چارەسەری لە هەرێم نەبێت، ڕەوانەی دەرەوە دەكرێت، تا ئێستایش 620 بریندار بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی دەرەوە كراون.

لیوا (موحسین محەممەد زەنگەنە)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە رۆژانی یەكەمی شەڕی تیرۆریستانی داعشەوە، زۆر لە نزیكەوە چاودێریی گشت بریندارانی هێزی پێشمەرگە دەكەین و، ‌سەرەتایش لە نەخۆشخانەكانی هەرێم بریندارەكان چارەسەر دەكەین، ئەگەر چارەسەریشیان لە نەخۆشخانە میرییەكان نەبێت، بریندارەكە ڕەوانەی نەخۆشخانە تایبەتەكان دەكرێت و خەرجییەكانی لە سەر وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت، لە هەرسێ پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆكیش لیژنەی تایبەتی پزیشكیمان هەیە كە سەر بە وەزارەتی تەندروستین و تایبەتمەندن بەپێی پسپۆڕیی خۆیان تەماشای ئەو بریندارانە دەكەن كە لە بەرەكانی جەنگ بریندار بوون، دواتر راپۆرتیان بۆ ئامادە دەكەن و بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن كە چارەسەریان لە ناوەوەی هەرێمە یاخود لە دەرەوە".
(زەنگەنە) گوتیشی: " تا ئێستا 620 پێشمەرگەی بریندارمان ڕەوانەی دەرەوە كردوون بۆ وەرگرتنی چارەسەر، بۆ ئەو مەبەستەیش ژمارەیەك وڵات هاوكارمان بوون و بە خۆڕایی بریندارەكانیان چارەسەر كردووە، لەهەموویشیان زیاتر هیندستانە كە لە رێگەی نووسینگەی (سەرۆك بارزانی) 58 برینداریان بۆ چارەسەر كردووین و 13ـی دیكەیش لەو وڵاتەن بۆ وەرگرتنی چارەسەر، هەروەها ئوردنیش بە دوو شێوە‌ هاوكارمانە و ستافێكی پزیشكییشیان لە پارەوە هێناوەتە كوردستان بە شێوەیەكی رێكوپێك كار دەكەن، جگە لەوە، ئێمە لەگەڵ ئێران، ئیماڕات و توركیا و ژمارەیەك وڵاتی دیكە لەسەر هێڵین تا ژمارەیەك بریندارمان بۆ چارەسەر بكەن".

بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری پزیشكی لە وەزارەتی پێشمەرگە زیاتر گوتی: "ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری تەندروستیدا كۆ دەبینەوە بۆ ئەوەی میكانیزمێك دابنێین، چونكە زۆر بریندارمان هەن پێویستیان بە چارەسەر هەیە لە دەرەوەی هەرێم، پێویستیشە سێ پزیشكی پسپۆڕ بەیەكەوە لەیەك پسپۆڕیدا بن بڕیار بدەن كە بریندارەكان بۆ چارەسەر ڕەوانەی دەرەوە بكەین، چونكە پارەیەكی زۆر لەسەر حكوومەت دەوەستێت بە تایبەت لە ئێستادا كە هەرێم لە قەیرانی داراییدایە، لەگەڵ ئەوەیشدا بە تەنیا نزیكەی 700 تا ملیۆنێك دۆلار قەرزدای یۆنانین".

دەشڵێت: "لەگەڵ زۆرێكی ئەو وڵاتانەی هاوپەیمانی هەرێمی كوردستانن، داوای پێداویستیی داودەرمان و كەلوپەلی تەندروستیمان كردووە و چاوەڕێین هاوكاریی زیاترمان بكەن".

نەشوان بەرزنجی
 

هەواڵی پەیوەندیدار