هاوڕێیه‌كی: ''تاهیر بووه قوربانیی ئه‌و خه‌نده‌قانه‌ی كه له ئامه‌د لێدرابوون''

ئیستانبوول-KDP.info- پارێزه‌ر (ڤه‌لات ئالان) كه هاوتا له‌گه‌ڵ (تاهیر ئێلچی) بووه ئه‌و كاته‌ی تیرۆریان كردووه، ده‌ڵێت، ''ئه‌و بووه قوربانیی ئه‌و خه‌نده‌قانه‌ی كه په‌كه‌كه له ئامه‌د هه‌ڵیكه‌ندوون. هه‌روه‌ها باس له‌وه‌یش ده‌كات كه تاوه‌كو ئێستا نه‌یانتوانیوه هیچ سه‌ره‌داوێكیان ده‌ست بكه‌وێت به‌وه‌ی كێ ئه‌وی شه‌هید كردووه، چونكه هه‌ركاتێك بیانه‌وێت بچنه ئه‌و شوێنه‌ی تاهیری لێ شه‌هید كراوه و لێكۆڵینه‌وه بكه‌ن، شه‌ڕ و ئاژاوه دروست ده‌بێت و ئه‌وانیش ده‌گه‌ڕێنه‌وه.''
(ئالان) كه یه‌كێكه له دامه‌زرێنه‌رانی سه‌ندیكای پارێزه‌رانی ئامه‌د، له دیمانه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی سی ئێن ئێن تورك گوتی: "تاهیر ئه‌وكات شه‌هید كرا كه له به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌ڤزیۆنی سی ئێن ئێندا گوتی: په‌كه‌كه تیرۆریست نییه و، پاشان كه‌مپینی له دژ پێكهات و له میدیاكانه‌وه ئیهانه‌ی پێكرا. من هاوڕێی نزیكی ئه‌و بووم و ده‌مزانی چه‌ند به‌و كه‌مپینه تێك چوو و خه‌فه‌تی ده‌خوارد. له راستیدا تاهیر بووه قوربانیی ئه‌و خه‌نده‌قانه‌ی كه له ئامه‌د لێدرابوون، چونكه به ئاشكرا داوای كرد كه شه‌ڕ رابوه‌ستێت و ئاشتی جێگه‌ی بگرێته‌وه، ئه‌گه‌ر له ئامه‌د خه‌نده‌ق لێنه‌درابوایه، ئه‌وكات ده‌وڵه‌تی تورك و په‌كه‌كه‌یش له‌و ناوچه‌یه رووبه‌رووی یه‌كتری نه‌ده‌بوونه و، ئاسه‌واره مێژوویه‌كه‌كانیان نه‌ده‌كردنه قوربانی و تاهیر له‌سه‌ر ئه‌و ئاسه‌وارانه نه‌ده‌چووه ئه‌و شوێنه ترسناكه كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی بكات."
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی دا كه تاهیر كۆترێكی ئاشتی بوو، به‌ڵام رێزیان لێ نه‌گرت. ئه‌و له هه‌ر رسته‌یه‌كی كه له ده‌می ده‌هاته ده‌ره‌وه وشه‌یه‌كی ئاشتی تێده‌كرد، بۆیه ئه‌وانه‌ی دژی ئاشتین چاویان پێی هه‌ڵنه‌هات.
به گوێره‌ی گوته‌ی ئالان، دادگای ئامه‌د و داواكاری گشتی، چه‌ندین جاره ویستویانه بچنه ئه‌و شوێنه‌ی تاهیری لێ شه‌هید كرا، لێكۆڵینه‌وه بكات، به‌ڵام له‌به‌ر شه‌ڕ و له‌مپه‌ر دروستكردن بۆیان، هیچ ئه‌نجامێكیان ده‌ست نه‌كه‌وتووه و، تاوه‌كو ئێستایش نازانن كێ ئه‌و كرده‌وه تیرۆرستییه‌ی ئه‌نجام داوه.
ئالان باسی له‌وه‌یش كرد كه ئه‌و شوێنه‌ی تاهیر كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی تێدا ئه‌نجام داوه، به چه‌ند مه‌ترێك له پشته‌وه‌ی ئه‌و خه‌نده‌ق هه‌بوو كه په‌كه‌كه لێیدابوو، بۆیه تاهیر دژی ئه‌و جۆره كرده‌وانه بوو، چونكه ده‌یگوت مرۆڤی تێدا ده‌بێته قوربانی.
كارزان گلی




