زانكۆی دهۆك نزیكەی 3 هەزار و 500 قوتابی وەردەگرێت

دهۆك-KDP.info- سەرۆكی زانكۆی دهۆك رایگەیاند، بەم زووانە ناوی قوتابیان لە زانكۆ و پەیمانگاكان ڕادەگەیێنرێت، بۆیە ئەوانیش خۆیان بە باشی ئامادە كردووە، كە هەر كاتێك ناوەكان گەڕانەوە، قوتابیان بەسەر بەشەناوخۆییەكاندا دابەش دەكەن و كەلوپەلی پێویستیشیان بۆ دابین دەكرێت.
(د. موسڵیح دهۆكی)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "تا ئێستا ناوی قوتابیان بۆ زانكۆ و پەیمانگاكان نەگەڕاوەتەوە، بەڵام وەك ئێمە ئاگادارین لە ماوەیەكی نزیكدا ناوەكان دەگەڕێنەوە، چونكە پێویستە هەرچی زووە ناوەكان ڕابگەیێنرێن بۆ ئەوەی قوتابیان دەست بە خوێندن بكەن".
(دهۆكی) گوتیشی: "لە پلانی زانكۆی دهۆكدایە، بۆ ئەمساڵی خوێندن 3 هەزار تا 3 هەزار و 500 قوتابی وەربگرێت، لەگەڵ ئەوەیشدا ئێمە داوامان كردووە كە بۆ ئەمساڵی خوێندن ئەو قوتابیانە وەربگرین كە تایبەتمەندی و پسپۆڕییان كەمە، چونكە ئەمساڵ شوێنمان زۆر كەمە، لەگەڵ ئەوەیشدا لە بەشەكانی دیكە قوتابیان وەردەگرین".
سەرۆكی زانكۆی دهۆك دەشڵێت: "زانكۆی دهۆك زیاتر لە 13 هەزار قوتابیی هەیە، ئێستا چاوەڕوانی هاتنی قوتابیی دیكە دەكەین، كە خۆمان بە شێوەیەكی باش ئامادە كردووە و هەر كاتێك ناوەكان گەڕانەوە، بەسەر بەشەناوخۆییەكاندا دابەشیان دەكەین و كەلوپەلی پێویستیان بۆ دابین دەكەین".
رابین شێروانی




