٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەناردەكردنی غازی سرووشتیی هەرێم، وەرچەرخانێكی گرینگە.. بەشێكی زۆری پێداویستییەكانی ئەورووپا دابین دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان دەڵًێت، هەرێمی كوردستان لە ڕووی غازی سرووشتییەوە زۆر دەوڵەمەندە و، وڵاتانی ئەورووپایش پێویستیی زۆریان بە غازی سرووشتی هەیە، بۆیە هەرێم دەتوانێ بەشێكی زۆری پێداویستیی ئەوان دابین بكات.

(عەلی هالۆ)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دەرهێنان و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بووە هۆی ئەوەی پێگەی هەرێمی كوردستان لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە زۆر بەهێز بێت و ژمارەیەكی زۆر كۆمپانیای گەورەی وڵاتان بێنە هەرێمی كوردستان، بۆیە هەرێمی كوردستان قۆناغێكی باشی بڕیوە و پێویستیشە پلانی باشتر دابنرێت بۆ پێشكەوتنی زیاتر".

(هالۆ) گوتیشی: "هەناردەكردنی غازی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە، دەبێتە وەرچەرخانێكی گرینگ بۆ هەرێمی كوردستان كە بەرەو سەربەخۆیی ئابووری هەنگاو بنێت و پێگەی ئابووری و سیاسییشی زۆر باشتر بێت و ئاستی پەیوەندییەكانیش لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا و دەوروبەریدا، زۆر باشتر دەبێت".

ئەو ئەندامەی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان دەشڵێت، بەپێی بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەكان، غازێكی زۆر لەهەرێمی كوردستان هەیە و، یەكیەتیی ئەورووپا و بە تایبەت وڵاتانی باشوور و رۆژهەڵاتی ئەورووپایش پێویستییەكی یەكجار زۆریان بە غازی شروشتی هەیە، بۆیە هەرێمی كوردستان دەتوانێ بەشێكی زۆری پێداویستیی ئەوان دابین بكات.

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار