٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەفەندی: پشتگیریی كورد لە زیادبووندایە.. بەرواری: لێدوانەكەی كامیرۆن شەڕەفێكی گەورەیە بۆ كورد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- شارەزایەكی بواری سەربازی دەڵێت، هێزی پێشمەرگە لە دوای ڕووخانی رژێمی بەعس و لە ئێستایشدا لە شەڕی داعشدا توانیویەتی متمانە لای هاوپەیمانان دروست بكات، بۆیە هاوپەیمانان بە هێزی خۆیانی دەزانن و پشتگیری و هاوكارییان دەكەن، چونكە تاكە هێز بووە كە توانی لە تەواوی  بەرەكانی جەنگدا سەركەوتن بەسەر داعشدا تۆمار بكات.

(عادل بەرواری) شارەزای سەربازی و راوێژكاری پێشووی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "كاتێك ئەمەریكا و بەریتانیا هاتن بۆ جەنگی عێراق و لە دوای ڕووخانی رژێمی بەعسی لەناوچوو، یەكەم ئەو دوو لیوایەی كە پێك هاتن لە هێزی پێشمەرگە بوون و پۆستە سەربازییە گرینگەكانیش درانە كورد، وەكو سوپاسالار و فەرماندەی هێزە ئاسمانییەكان، بۆیە تاوەكو یەكەم خولی پەرلەمانیش پاراستنی بەغدا و پەرلەمان لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە پاسەوانی دەكران و ئێستایش پێشمەرگە پاسەوانییان دەكات، چونكە تاكە هێزە متمانەی پێ دەكرێت و رێكخراوە، هەر بۆیە لە هەموو عێراقدا تەنیا هەرێمی كوردستان لە تیرۆر پارێزراوە و نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە ڕووی تێ كردووە، لەبەر ئەمەیە هەموو وڵاتان پەسنی هێزی پێشمەرگە دەكەن و متمانەیان بە پێشمەرگە هەیە و بە هێزی خۆیان هەژماری دەكەن".

(بەرواری) گوتیشی: "پێشمەرگە لە ئێستادا تاكە هێزە كە توانیویەتی سەركەوتن بەسەردا داعشدا تۆمار بكات و خاكی هەرێمی كوردستانی لێ پاك بكاتەوە كە دواسەركەوتنیش لە شنگال بوو بە سەرپەرشتیی (سەرۆك بارزانی)، ئەو سەركەوتنەیش لە هەموو جیهان دەنگی دایەوە، بۆیە ئەو وڵاتانە كە دەبینن ئەمە توانای پێشمەرگەیە، بە هێزی خۆیان هەژماری دەكەن".

ئەو شارەزایەی بورای سەربازی دەشڵێت، بەریتانیا سێیەم گەورەترین و كاریگەرترین وڵاتە لە جیهاندا و ئەندامێكی كارایە لە هاوپەیمانی ناتۆ، بۆیە لێدوانەكەی سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا شەڕەفێكی گەورەیە بۆ كورد و پێشمەرگە و هەنگاوێكی گرینگە.

ڕوونیشی كردەوە، لایەنە عێراقییەكان چاویان بە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە هەڵنایەت و دەیانویست هێزێكی یەدەگی لاواز بێت و هیچ رۆڵێكی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا نەبێت، بۆیە بەو لێدوانەی سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا دڵگرانن.

لای خۆیەوە، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە و شارەزای سەربازی (حەمید ئەفەندی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەو جۆرە لێدوانانە، جێگەی شانازیین بۆ كورد و لە داهاتوودا كاریگەریی زۆریشیان بۆ كورد دەبێت، چونكە هاوپەیمانان ئومێد و متمانەی زۆریان بە كورد هەیە، بۆیە دڵنیاین سەركەوتوو دەبین".

(ئەفەندی) گوتیشی: "ناكرێت هێزی پێشمەرگە بە هێزەكانی دیكەی عێراق وەكو حەشدی شەعبی بەراورد بكرێت، لەبەر ئەوەی هێزی پێشمەرگە هێزێكی رێكخراوە و وەكو حەشدی شەعبی نییە، چونكە ئەمانە هێزی عەشایەرین".

ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە دەشڵێت: "وەكو كورد گەییشتووینەتە قۆناغێكی زۆر باش، هەر بۆیە بەردەوام پشتگیریكردنی كورد  لە زیادبوون دایە و هاوپەیمانان زیاتر گرینگی بە كورد و هێزی پێشمەرگە دەدەن".

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار