وەزیری ناوخۆ، سوورە لەسەر نەناردنی مووچەی پۆلیس.. لیژنەی ئاساییش و بەرگری ڕوونكردنەوە دەدات

كەركووك-KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی، ناكرێت لەبەر خاتری كەسێك ماوەی ١٠ساڵە بەڕێوەبەری پۆلیسە، مووچەی هێزەكانی پۆلیس ببڕدرێت، بۆیە پێویستە كەسێكی دیكە لە شوێنی دابنرێت، چونكە ئەگەر لابدرێت، هەر كوردێك لە شوێنی دادەنرێت نەك كەسێكی عەرەب.
(شاخەوان عەبدوڵڵا) بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی دەڵێت: "زیاتر لە سێ جار لەبارەی نەناردنی مووچەی پۆلیسی كەركووك و كێشەی لادانی بەڕێوەبەری پۆلیس، پەیوەندیم بە وەزیری ناوخۆوە كردووە و سەرەتا گوتی لەبەر خاتری ئێوە با بە شێوەیەكی كاتی (جەمال تاهیر) لە پۆستی بەڕێوەبەری پۆلیس بمێنێت، بەڵام كەسێك دیاری بكرێت تاوەكو كارە ئیدارەییەكان جێبەجێ بكات، چونكە ئەو دەسەڵاتی خەرجكردنی نییە. باسی لەوەیش كرد كە ئەو كێشەی لەگەڵ خەڵی كەركووك نییە و هیچ كەسێك لە شوێنی ئەو دانانێت و با كورد خۆی، كوردێك لە شوێنی ئەو دابنێت، كەسێكی كوردیشیان داناوە و وەزیر پێی رازی بووە، بەڵام دواتر ئەو كەسە بە ناوی عەمید (خەتاب) رێگەیان نەداوە ئەو پۆستە وەربگرێت، بۆیە منیش ئەو بیرۆكەیەم داوە بە پارێزگار و بڕیارە وەڵامم بداتەوە".
(شاخهوان) گوتیشی: "ئەگەر ئەو دۆخە بەردەوام بێت، سبەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ساز دەدەم و ڕوونكردنەوە دەدەم، باسیش لەوە دەكەم كە ناكرێت لەبەر خاتری كەسێك ١٠ساڵە بەڕێوەبەرە، مووچەی هێزەكانی پۆلیس ببڕدرێت".
(شاخهوان عەبدوڵڵا) زیاتر گوتى: "ئەگەر وەزیری ناوخۆ كەسێكی غەیرەكوردی دیاری بكردایە، من یەكەم كەس دەبووم ڕووبەڕووی دەبوومەوە، بەڵام كە كەسێكی دیكەی كورد دابنرێت، بۆ لانادرێت كە ١٠ساڵە ئەو پۆستەی لە دەستدایە، چونكە وەزیری ناوخۆ سوورە لەسەر ئەوەی تا لانەدرێت، مووچەی هێزەكانی پۆلیس خەرج ناكرێت".
بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری دهشڵێت، وەزیری ناوخۆ باسی لەوە كردووە، كۆمەڵێك تێبینییان لەسەر بەڕێوەبەری پۆلیس هەیە، بۆیە داوای لادانی دەكەن، چونكە وەك خۆی گوتی، نایانەوێت مەلەفەكانی ئاشكرا بكەن و بە خراپی باسی رابردووی بكەن.
بڵند ئیبراهیم




