٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عارف تەیفوور: لێدوانەكەی كامیرۆن دڵخۆشكەرە.. هاوپەیمانان متمانەیان بە عێراق نەماوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا (دەیڤد كامیرۆن)، لە لێدوانێكیدا باسی لەوە كرد كە هێزی پێشمەرگە تاكە هێزە لە عێراقدا پشتی پێ دەبەستن و بە هێزی خۆیانی دەزانن، لە بەرانبەریشدا جێگری پێشووی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ده‌ڵێت، هۆكاری ئەو جۆرە لێدوانانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە متمانەیان بە لایەنە عێراقییەكان نەماوە، بۆیە گرینگی بە هێزی پێشمەرگە دەدەن.

(عارف تەیفوور) فەرماندەی هێزی پێشمەرگە و جێگری پێشووی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لێدوانەكەی سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا زۆر دڵخۆشكەرە بۆ ئێمە و، ئومێدەوارین بە جیددییان بێت و زیاتر لە رێگەی عێراقەوە هاوكاریی پێشمەرگە نەكەن و راستەوخۆ هاوكارییەكان پێشكەش بكەن، ئەمە نەك تەنیا بەریتانیا، بەڵكە هەموو وڵاتانی هاوپەیمان ڕاستەوخۆ هاوكاریی پێشمەرگە بكەن، لەبەر ئەوەی هێزی پێشمەرگە تاكە هێزە لە هەموو جیهان ڕووبەڕووی داعش بووەتەوە و لە هەموو شەڕەكانیشدا سەركەوتنی بەدەست هێناوە".

(تەیفوور) گوتیشی: "هۆكاری متمانەبوونی زۆر بە پێشمەرگە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە زۆر متمانەیان بە عێراقییەكان نەماوە كە بتوانن دژی داعش بجەنگن، هۆكارەكەیشی بۆ ناكۆكیی نێوان سوننە و شیعە دەگەڕێتەوە كە نەتوانن ڕووبەڕووی داعش بوەستنەوە، بۆیە بێئومێد بوونە و هەوڵی نزیكبوونەوە لە پێشمەرگە دەدەن، هەرچەندە ئێستا پێشمەرگە بەشێكە لە هاوپەیمانان، بەڵام گەر ببێتە فەرمی، ئەوكات قازانجی زۆر زیاترە".

جێگری سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەشڵێت، لایەنە عێراقییەكان لەخۆڕا نیگەرانن لەو لێدوانەی (كامیرۆن) و لێدوانی جیاجیا دەدەن باس لەوە دەكەن، کە ئەمە دەستوەردانە لە دۆخی عێراق بێگومان لێدوانەكان راست نین، چونكە عێراق نەماوە تا بە دەستوەردان هەژمار بكرێت، لەبەر ئەوەی بووەتە سێ بەش كە بەشێكی لە دەست داعشە و یەكێكیش لە دەست شیعە و ئەوەی دیكەیش لە دەست كوردە.

ئاماژەیشی دا: "ئەو پشتگیرییە زۆر سوودی بۆ كورد هەیە ئەگەر بتوانین بیقۆزینەوە و بەهێزتری بكەین، چونكە هەوڵەكانی ئێمە بۆ دروستكردنی دەوڵەتی كوردییە، ئەمەش دەبێتە پاڵنەرێك بۆ ئەوەی بتوانین لە ماوەیەكی نزیكدا بە بێ كێشە، دەوڵەتی كوردی ڕابگەیێنین".

 

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار