٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شاندێكی دەزگای بارزانی لە كوەیتە.. بۆ دروستكردنی پردی پەیوەندیی نێوان رێكخراوە خێرخوازییەكانە

سەرچاوە: KDP.info

كوەیت-KDP.info- بە مەبەستی دروستكردنی پردی هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوە خێرخوازییەكانی ئەو وڵاتە بۆ یارمەتیدانی زیاتری پەنابەر و ئاوارەكان و، پڕۆژەی بەباوانكردنی منداڵانی بێباوك لە هەرێمی كوردستان، شاندێكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە فەرمی سەردانی وڵاتی كوەیت دەكات.

 بە مەبەستی پتەوتركردنی پردی پەیوەندیی نێوان رێكخراوە خێرخوازییەكانی وڵاتی كوەیت لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دروستكردنی هەماهەنگیی زیاتر لەبارەی چۆنیەتیی هاوكاریكردنی زیاتری پەنابەر و ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان، شاندێكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە سەرۆكایەتیی (مووسا ئەحمەد) جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەزگا چوونە كوەیت و بەشداری لە كۆنفرانسی ساڵانەی دەستەی جیهانی ئیسلامیی خێرخوازیی و یوئێن ئۆچا دەكەن.

لە میانی سەردانی وڵاتی كوەیتدا، شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەردانی بارەگای سەرەكیی مانگی سووری كوەیتییان لە پایتەختی ئەو وڵاتە كرد و، لەلایەن (شێخ عەبدولڕەحمان محەممەد ئەلعون) بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری كوەیتی و بەرپرسی بەشەكانی ئەو رێكخراوەوە پێشوازییەكی گەرمیان لێ كرا.

لە دیدارێكی نێوانیاندا شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئامانجی سەردانەكەیان بۆ ئەو وڵاتە و بەشداریكردنیان لە كۆنفڕانسی ساڵانەی دەستەی جیهانی ئیسلامیی خێرخوازی خستە ڕوو و، هەروەها ئومێدیان خواست لەگەڵ مانگی سووری كوەیتیدا پردێكی پەیوەندیی پتەو دروست بكەن بۆ ئەوەی لە زۆر بواری جیادا هاوكاریی پەنابەر و ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان بكرێت، هەروەها شاندی دەزگا ئاماژەیان بەوە دا لە ئێستادا پەنابەران و ئاوارەكان پێویستییەكی زۆریان بە دابینكردنی خۆراك و هەروەها ئەنجامدانی پڕۆژەی هاوبەشی خێرخوازیییە تاوەكو جێبەجێی بكەن.

هەروەها شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە گرینگیان زانی مانگی سووری كوەیتی لە پڕۆژەی چاودێریی ئازیزان (بەباوانكردنی منداڵانی بێباوك) بەشدارییەكی كارایان هەبێت، لەگەڵ داڕشتنی پلانی پێشوەختە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر كارەساتێكی مرۆیی و هاتنی بەلێشاوی پەنابەران بۆ هەرێمی كوردستان بە پێویست زانرا.

هەر لەو دیدارەدا ئاماژە بەوەیش درا كە، وا بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا رێككەوتنێك سەبارەت بە لێكتێگەییشتنی هاوبەش لە نێوان دەزگای خێرخوازی بارزانی و مانگی سوری كوەیتیدا واژۆ بكرێت. شایەنی باسە لە ماوەی رابردوودا دەزگای خێرخوازی بارزانی و مانگی سوری كوەیتی، 40 هەزار پارسێلی خواردنیان بەسەر ئاوارە و پەنابەراندا دابەش كردووە.

هەواڵی پەیوەندیدار