توركیا دهیهوێ دواڕۆژی وڵاتەکەی لەژێر دەستی ڕووسیادا دەربهێنێت و بیداتە دەست هەرێم

ههولێر-KDP.info- حکوومەتی تورکیا بە دوای برێت (بەدیل)ـێکدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی لە بری ڕووسیا گازی سرووشتیی لێ بکڕێت و، برێتهكهیش ههرێمی كوردستانه كه توركیا دهیهوێ دوارۆژی وڵاتهكهی بداته دهست ههرێمهوه.
تورکیا هیچ متمانەیەکی بە ڕووسیا نییە بەوەی گازی ڕوشتیی لێ نەبڕێت، کە 60%ی هەموو تورکیا دابین دەکات و ساڵانە بە بڕی 11ملیار دۆلار کڕیاری گازی سروشتیی ڕووسیایە. ئێستا ڕووسیا هەڕەشە لە تورکیا دەکات بەوەی گازی سروشتیی لێ دەبڕێت، کە ئەم هەڕەشانەیش بە فەرمی نییە، بەڵکو لە ڕێگەی میدیاکانی ڕووسیاوەیە.
تورکیا هیچ متمانەیەکی بە ڕووسیا نەماوە بەوەی لە هەر ساتێکدا گازی سروشتی لێ ببڕێت، ئەگەر ئەم بڕیارەیش نەچێتە بواری جێبەجێکردنیشەوە شەڕی دەروونی ڕووسیا لەسەر ئەو بابەتە تورکیای دووچاری ئازارێکی زۆر کردوە.
تاکە چارە بۆ تورکیا کە جێگەی ڕووسیای بۆ بگرێتەوە، هەرێمی کوردستانە کە تورکیا دەتوانێت ببێتە کڕیارێکی سەرەکی گازی سروشتیی هەرێمی کوردستان.
بێگومان هەرێمی کوردستانیش کڕیارێکی لە تورکیا باشتری دەست ناکەوێت، چونکە جگە لەوەی تورکیا سەدان کارگەی بە گازی سروشتی کار دەکەن، هەروەها 10ملیۆن ماڵی تورکیایش بۆ گەرم کردنەوە گازی سروشتی بەکار دەهێنن لە سەرتاسەری تورکیادا، بۆیە گازی سروشتی پێویستییەکی زۆرە بۆ تورکیا.
رۆژنامەی (یەنی شەفەق)ـی تورکی کە لە ئاکپارتییەوە نزیکە لە مانشێتێکی گەورەدا و وەکو موژدەیەک بۆ خەڵکی تورکیا، ئاماژەی داوە کە تورکیا جێگیرەوەی بۆ ڕووسیا دۆزیوەتەوە و لەمەودوا هەرێمی کوردستان دەرگەی خۆیمان بەسەر دەکاتەوە بۆ ئەوەی ببینە کڕیاری گازی سروشتی ئەوان. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوە، کە وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان (ئاشتی هەورامی) لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئەتلەنتیک له ئانکارا بۆ مەبەستی کاروباری وزەی جیهان، بە ئاشکرا ڕایگەیاندوە کە هەرێمی کوردستان دەیەوێت گازی سروشتی بە تورکیا بفرۆشێت.
هەورامی لە گوتەیەکیدا لەو کۆڕبەندە گوتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2018 دەتوانێت 18%ی گازی سروشتی تورکیا دابین بکات. بەڵام ڕۆژنامەی یەنی شەفەق پێی وایە کە هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە ڕێژەی ڕووسیا گازی سروشتی بۆ تورکیا دابین بکات. ئەو ئاماژەی داوە کە حکوومەتی تورکیا لە هەوڵی جیدیدایە بۆ ئەوەی لەو ڕوەوە پەلە بکات و سوود لە گازی سروشتی هەرێمی کوردستان وەربگرێت.
بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە بێت تورکیا بە جیدی بە دوای برێتێکدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی لە بری ڕووسیا گازی سروشتی لێ بکڕێت، کە هەرێمی کوردستانیشی وەکو بژاردەیەکی سەرەکی ناو بردوە.
هەورامی بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە لە ساڵی 2018 دەتوانن لە ڕێگەی تورکیاوە گازی سروشتی ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان بکەین، بەڵام تورکیا لە بری ئەوەی بە خاکی ئەودا گازی سروشتی هەرێمی کوردستان بفرۆشێتە بازاڕەکانی جیهان، دەتوانێت خۆی سوود لەو گازە وەربگرێت.
ماوەی حەفتەیەک دەبێت تورکیا ترسی زۆری لێ نیشتوە بەوەی ڕووسیا تۆڵە لە تورکیا بکاتەوە، نەک بە ڕێگەی سەربازی بەڵکو بە ڕێگەی ئابووری. ئەگەرچی ڕووسیا چەند هەنگاوێکی ناوە بۆ زیان گەیاندن بە تورکیا وەکو نەکڕینی میوە و سەوزەی تورکی و گوڵی تورکی و ڕێگە نەدات بە هاووڵاتی تورکی بەوەی نەیەنە ناو خاکی تورکیا، بەڵام ئەمانە هەمووی بە لای تورکیاوە ئاساییە و وەکو زیانی گەورە تەماشا ناکرێت، ئەوەی ترسی گەورەیە بڕینی گازی سروشتییە.
زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە کە زەحمەتە ڕووسیا گازی سروشتی بەسەر تورکیادا ببڕێت، چونکە بۆ خۆیشی زیانێکی ئابووری زۆر دەکات، بەڵام ڕەنگە جاروبار بەهانە بدۆزێتەوە و بۆ چەند ڕۆژێک گازەکە ببڕێت، کە ئەویش هەر زیانی گەورە بە تورکیا دەگەیەنێت.
تورکیا ئیستا لە هەوڵی جیدیدایەوە بۆ ئەوەی پەلە بکرێت لە تەواوبوونی پڕۆژەی گازی سروشتی هەرێمی کوردستان، تا دوا ڕۆژی وڵاتەکەیان لە ژێر دەستی ڕووسیا دەریهێنێت و بیداتە دەست هەرێمی کوردستان. کە ئەمەیش سوودێکی زۆری دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان و لە پاڵ نەوت گازی سروشتییش دەبێتە سەرچاوەیەکی دارایی گرینگ.
کارزان گلی




