"بەغدا پارەی بۆ پێشمەرگە نەناردووە.. پێشێلكردنی یاسای بوودجەیە"

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رەتی دەكاتەوە بەغدا لە ئەمساڵدا هیچ بڕەپارەیەكی بۆ پێشمەرگە رەوانە كردبێت. دەشڵێت، بەپێی یاسا پێشمەرگە بەشێكە لە وەزارەتی بەرگریی عێراق و پێویستە مافە داراییەكانی دابین بكات، بەڵام لە ئەمساڵدا بەغدا هیچ بڕەپارەیەكی بۆ پێشمەرگە رەوانە نەكردووە و، لە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراقیشدا بۆ ساڵی داهاتوو، باس نەكراوە.
(حاكم سەرحان سلێڤانەیی) ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بەغدا لە مانگی یەكی ٢٠١٥ـوە تاوەكو مانگی شەش لە بەرامبەر ئەو نەوتەی رادەستی كۆمپانیای سۆمۆی كردووە، بڕێكی كەمی پارە بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە كردووە، بەڵام لە دوای ئەوەوە هیچ بڕەپارەیەكی دیكەی بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە نەكردووە، بۆیە هەرێمی كوردستانیش نەوتی رادەستی ئەوان نەكردووە".
(سلێڤانەیی) گوتیشی: "بەپێی یاسای بوودجە، هێزی پێشمەرگە بەشێكە لە وەزارەتی بەرگریی عێراق و پێویستە مافە داراییەكانی دابین بكات، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٥ـوە بەغدا یەك دیناری بۆ پێشمەرگە رەوانە نەكردووە، كە ئەمەیش پێشێلی یاسای بوودجەیە".
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ڕوونیشی كردەوە، لە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی داهاتوویشدا، بەغدا بە هیچ شێوەیەك باسی لە ناردنی پارە بۆ پێشمەرگە نەكردووە و، لە ساڵی ٢٠١٥ـیش تەنیا وەكو ئەمساڵ باسی لەوە كردووە بەشێكە لە وەزارەتی بەرگریی عێراق و پێویستە بوودجەیان بۆ دابین بكرێت، ئەوانەیشی باس لە ناردنی پارەی پێشمەرگە دەكەن، ئەوانەن كە نزیكن لە (نووری مالیكی) سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق بۆ ئەوەی هەرێم تۆمەتبار بكەن".
ئەمەیش لە كاتێكدایە، دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەتەوە كە بەغدا لە مانگی یەكەوە تاوەكو مانگی شەش، مووچەی مانگانەی هێزی پێشمەرگەی رەوانە كردووە و، لە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراقیش بۆ ساڵی ٢٠١٦، ئاماژەی پێ دراوە.
بڵند ئیبراهیم




