وزارەتی شارەوانی داتا و ئامار کۆ دەکاتەوە.. زەوی بەسەر كرێنشیناندا دابەش دەكرێت

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی شارەوانی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، وەزیری شارەوانی بە جیددی لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی داتا و ئامار لەبارەی كرێنشینانەوە كۆ بكاتەوە بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی كە سەرۆكی حكوومەت بڕیاری لەسەر داوە، بۆیە ئەگەر هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان هاوكار بن، لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا پرۆسەكە دەست پێ دەكات.
ئەندامی لیژنەی شارەوانی لە پەرلەمانی كوردستان (سیراج خەیلانی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "وەزارەتی شارەوانی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان سەرقاڵی كۆكردنەوەی داتا و ئامارن، بۆ ئەوەی پلان دابنرێت كە چۆن پرۆسەی دابەشكردنی زەوی دەست پێ بكەن، چونكە پێویستە لە وەزارەت و یەكەی ئیداری و یەكێتیی كرێنشینان داتا و ئاماریان بە دەست بگات، بۆ ئەوەی بتوانن بەپێی ئەو داتا و ئامارانە كە ژمارەیان چەندە، زەوی دابەش بكرێت، لەبەر ئەوەی هەر كاتێك ئاماریان بە دەست گەیشت، پێویستە هەڵاوێری بكەن، چونكە رەنگە بەشێكیان سوودمەند بن و دابەشكردنی زەوی نەیانگرێتەوە".
(خەیلانی) گوتیشی، دوای یەكلاكردنەوەی داتا و ئامارەكان، پێویستە ئەوكات حكوومەت زەوی دابین بكات، بۆیە ئەمە كاتی پێویستە و جارێ هەنگاوی یەكەم دەستی پێ كراوە.
دەشڵێت: "ئەوەی من ئاگادارم، وەزیری شارەوانی زۆر بە جیددی لەسەر هێڵە و سەرقاڵی كۆكردنەوەی ئامار و داتان بۆ ئەوەی دەست بە كارەكانیان بكەن، بۆیە لە ماوەیەكی نزیكدا دەرئەنجامەكەی دیار دەبێت، بەڵام پرۆسەكە كاتی پێویستە، چونكە وردەكاریی زۆری دەوێت".
ئەوپەرلەمانتارە ڕوونیشی كردەوە، ئەگەر وەزارەتەكان و یەكەی ئیداری و یەكێتیی كرێنشینان و هاووڵاتیان هاوكاریی وەزارەتی شارەوانی بكەن، لە كەمتر لە ساڵێكدا پرۆسەی دابەشكردنی زەوی دەست پێ دەكات، چونكە بڕیارەكە لەلایەن سەرۆكی حكوومەتەوە دەرچووە و وەزارەتی شارەوانییشی بۆ جێبەجێكردنی راسپاردووە.
بڵند ئیبراهیم




