ئەنجوومەنی نوێنەران، لیژنەیەكی بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكان پێك هێنا

بەغدا-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیێنێت، بۆ دانانی پلان و ئاوەدانكردنەوە و چاودێریكردنی ئەو ناوچانەی لە چنگ تیرۆریستانی داعش رزگار كراون، لیژنەیەك بە چاودێریی راستەخۆی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێك هێنرا و دەستی بە كارەكانی كردووە.
(د. فارس بریفكانی) سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لیژنەیەكی باڵا بە چاودێریی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و بە ئەندامێتیی سەرۆكی هەرسێ لیژنە بەردەوامەكانی كۆچ و كۆچبەران و تەندروستی و ژینگە و خزمەتگوزاریی گشتیی پەرلەمانی عێراق و وەزیری كۆچ و كۆچبەران، لەگەڵ پارێزگارەكانی هەر شەش پارێزگای عێراق كە ئاوارەیان لە هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی دیكەی عێراق هەیە، پێك هێنرا".
(د.فارس) گوتیشی: "كارەكانی ئەو لیژنەیە بەدواداچوون و پلاندانان و ئاوەدانكردنەوە دەبێت بۆ ئەو ناوچانەی كە لە دەست تیرۆریستانی داعش رزگار كراون، هەروەها بوودجەیەكی تایبەتیش بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچە ڕزگاركراوەكان تەرخان دەكرێت و، ئێستا لیژنەكەیش دەستبەكار بووە".
( بریفكانی ) دەیشڵێت: "خۆم وەكو كوردێك لەنێو ئەو لیژنەیە مەبەستمە ناوچەكانی شنگال، زوممار، مەخموور و دیبەگە و گوێڕ و وانكێ و دەشتی نەینەوا و شێخان تۆمار بكەم، بۆ ئەوەی سوودمەند بن لەو بوودجە تایبەتەی بۆ ناوچە ئازادكراوەكانی دەستی تیرۆریستانی داعش تەرخان دەكرێت تا ئاوەدان بكرێنەوە".
نەشوان بەرزنجی




