پارتیی لە سلێمانی گۆڕانکاری لە شێوازی کارکردنیدا دەکات

سلێمانی-KDP.info- گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی دەڵێت، لە گفتوگۆی بەردەوامدان بۆ ئەوەی شێوازی کارکردنیان بگۆڕن بە جۆرێک لەگەڵ دۆخی ئێستادا بگونجێت.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی (فارس نەوڕۆڵی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: تاوەکو ئێستا ھیچ بڕیارێکی فەرمی لەبارەی شێوازی کارکردنیان لە داھاتوودا نەدراوە، بەڵام لەگفتوگۆ بەردەوامدان، بۆئەوەی شێوازی کارکردنیان بگۆڕن، بەجۆرێک لەگەڵ دۆخی ئێستادا بگونجێت، بۆئەوەی ئەنجامدانی کارەکانیان ئاسانتر بێت.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی گوتیشی، تاوەکو ئێستا بڕیار نەدراوە کە بارەگاکانیشیان لەھێزە ئەمنییەکان وەربگرنەوە، چونکە رەنگە بە ھەندێک کاری دیکەوە سەرقاڵ بن و، جگە لەوەش پارتیی دیموکراتی کوردستان پەلەی نییە لەوەی بارەگاکانی وەربگرێتەوە.
(فارس نەوڕۆڵی) ڕوونیشی کردەوە، ھیچ سەقفێکی زەمنی دیاری نەکراوە و دیار نییە حەفتەیەکی دیکە یاخود سەری ساڵ یان ھەرکاتێکی دیکە، بارەگاکانیان وەربگرنەوە، بەڵام ھەرکاتێک بمانەوێت وەریدەگرینەوە.
بڵند ئیبراھیم




