له خورماتوو 250 دووكان و خانوو سووتێندراون

خورماتوو -KDP.info- بەڕێوەبەری ئاساییشی خورماتوو ئاشکرای کرد، لە ئاژاوەکەی بەینێ لەمەوبەری خورماتوودا، خەڵک ٢٥٠ دووکان و خانوویان لێ سووتا؛ کوردەکە زیاتر دووکانی لێ سووتا.
بەڕێوەبەری ئاساییشی دوزخورماتوو (فارووق ئەحمەد) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەوەتی ڕێککەوتنەکەی حەفتەی ڕابردوو کراوە، هەتا دێ دۆخەکە خۆشتر دەبێتەوە؛ دەوامی فەرمانگەکانی حکوومەت وەک خۆی لێ هاتووەتەوە؛ خەڵکیش وردە وردە دەچنەوە بۆ سەر کارەکەیان."
(فارووق ئەحمەد) گوتیشی، بەھۆی پشێوییەکانی ماوەیەک لەومەبەر، خەڵک، بە تایبەت کوردەکان، دووکان و خانووی زۆریان لێ سووتا؛ خەڵک بە گشتی ٢٥٠ دووکان وخانوویان لێ کاول بووە؛ وا لیژنەیەک لە ھەموو لایەنەکان پێک ھاتووە و، سەرقاڵی سەرژمێرین، بۆئەوەی بتوانن قەربووی زیانلێکەوتووان بکەنەوە.
بڵند ئیبراھیم




