كۆمپانیاکانی كهنهدا هان دراون له ههرێمدا وەبەرهێنان بكهن

كهنهدا -KDP.info- بە مەبەستى هاندانى کۆمپانیا کەنەداییەکان بۆ کارى وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان، فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و شاندى یاوەرى لە لایەن کۆمپانیاى وێستێرن زاگرۆس بانگهێشت کران بۆ خستنەڕووى هەلى کارى وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستاندا.
لە نیوەڕۆخوانێکدا کە نوێنەرى حکوومەتى فیدراڵى کەنەدا و، حکوومەتى هەرێمى ئالبێرتا و ژمارەیەک لە پیاوانى کارو نوێنەرانى کۆمپانیا کەنەدییەکان کە لە کوردستان کارى وەبەرهێنان دەکەن ئامادەى بوون، بەڕێز سیمۆن هاتفیڵد سەرۆکى جێبەجێکردنى کۆمپانیاى زاگرۆس پوختەیەکى سەبارەت بە چالاکییەکانى کۆمپانیاکەى لە هەرێمى کوردستان پێشکەش کرد و دووپاتى بەردەوامبوونى کارى کۆمپانیاکەى کردەوە لە هەرێمى کوردستاندا.
بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکوومەتیش سوپاس و پێزانینى خۆى ئاراستەى ناوبراو کرد بە بۆنەى ڕێکخستنى ئەم نیوەڕۆخوانە، پاشان پوختەیەکى سەبارەت بە کارى وەبەرهێنانى کۆمپانیا بیانیەکان لە هەرێمى کوردستان کرد کە ڕۆڵێكی باڵایان بینیوە لە ئاوەدانکردنەوەى هەرێمى کوردستان لە گشت بوارەکاندا.
هاوکات، ئاماژەى بە بارودۆخى سیاسى و ئابوورى هەرێمى کوردستان و عێراق و ناوچەکە و شەرى دژ بە چەکدارانى ڕێکخراوى داعش کرد کە جۆرێک لە ئاڵۆزى لە ناوچەکە دروستکردووە، بەڵام بەشانازیەوە دەیلێم کە هەرێمى کوردستان وەکو ناوچەیەکى ئارام و سەقامگیر ماوەتەوە بۆ کارى وەبەرهێنان. بۆ ئەم مەبەستە، داوا لە نوێنەرانى کۆمپانیا کەنەدیەکان دەکەم کە سەردانى هەرێمى کوردستان بکەن بۆ ئەوەى لە نزیکەوە رەوشى هەرێمى کوردستان ببینن و سەرمایەکانیان لە کارى وەبەرهێنان وەگەر بخەن.
لە کۆتایدا، بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت ئامادەیی حکوومەتى هەرێمى کوردستانى دەڕبڕى بۆ هەر کارئاسانیەک بۆ کۆمپانیاى کەنەدیەکان بە مەبەستى کارى وەبەرهێنان و بەشداریکردنیان لە ئاوەدانکردنەوەى هەرێمى کوردستان.




