٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گوتەبێژی خوێندنی باڵا: ١٠ هەزار و ١١٢ قوتابی لە بڕیارێكی وەزارەت سوودمەند بوون

سەرچاوە: KDP.info
 
هەولێر-KDP.info- دوای ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاری پێدانی (١٠) نمرەی بە خوێندكارانی كەوتوو لە زانكۆ و پەیمانگە حكوومی و تایبەتەكانی هەرێمی كوردستان دا، بە هۆی ئەو بڕیارەوە ١٠ هەزار و ١١٢ قوتابی و خوێندكار سوودمەند بوون و قۆناغێكی خوێندنیان بڕی.
 
(عەباس ئەكرەم) گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، به‌ ماڵپه‌رى فه‌رمیى پارتیى دیموكراتى كوردستانى  ڕایگەیاند: "لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتەكەمان كە لە ڕێكەوتی (٢٦/١٠/٢٠١٥) ئەنجام درا، داواكاریی كۆمەڵێك لە قوتابیانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و، داواكاری لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان تاوتوو كرا، سەرئەنجام ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاری دا (١٠) نمرە بە خوێندكاران بدرێت و بخرێتە سەر دەرئەنجامەكانی تاقیكردنەوەكانیان، تا لە هەردوو حاڵەتی بارگۆڕین و بارسوككردن سوودی لێ وەربگرن، لەو چوارچێوەیەیشدا ئەنجوومەنی زانكۆكان ڕاسپێردران تا دەقی بڕیارەكە جێبەجێ بكەن، لە ئەنجامدا لە زانكۆ و پەیمانگە حكوومییەكانی هەرێمی كوردستان (٦ هەزار و ٧٠١) قوتابی لەو بڕیارە سوودمەند بوون، هەروەك لە زانكۆ تایبەتەكانیش (٣ هەزار و ٤١١) قوتابی سودمەند بوون، كە كۆی گشتیی سوودمەندبووان لە زانكۆ حكوومی و تایبەتەكان گەییشتە (١٠ هەزار و ١١٢) قوتابی".
 
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەشڵێت: "هەرچەندە داواكاریی پەڕینەوە (عبور) لە وانەیەكەوە بۆ دوو وانە لە ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕەزامەندی لەسەر نەدرا، بەڵام بڕیاری پێدانی (١٠) نمرە بە خوێندكارانی كەوتوو لە زانكۆ و پەیمانگە حكوومی و تایبەتەكان سوودی زیاتری بە قوتابیان گەیاند و، بە هۆیەوە ژمارەیەكی زیاتر لە قوتابیان لەو بڕیارە سوودمەند بوون".
 
گوتیشی كە، ئەم بڕیارە بە بێ جیاوازی لە نێوان سەرجەم زانكۆ (حكوومی و تایبەت)ـەكان وەك یەك جێبەجێ كراوە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار