شەشۆ: هەندێ هێز بە رێنمایی حەشد دەجووڵێنەوە.. داوایان لێ دەكەین شنگال چۆڵ بكەن

شنگال-KDP.info- فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە شنگال رایگەیاند: "ئەو هێزانەی پاش ڕزگاركردنی شنگال هاتوونەتە ناو ئەو شارە، بینای حكوومییان داگیر كردووە و ئامادە نین چۆڵیان بكەن، بەپێی ڕێنماییەكانی حەشدی شەعبی دەجووڵێنەوە و مووچە لە ئەوان وەردەگرن، بۆیە داوایان لێ دەكەین پێش ئەوەی ناخۆشی بكەوێتە نێوان ئێمە و ئەوانەوە، شنگال چۆڵ بكەن".
(قاسم شەشۆ) فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوت: "هەندێك هێز، پاش ڕزگاركردنی شنگال هاتوونەتە ناو ئەو شارە و بینای فەرمانگە حكوومییەكانیان داگیر كردووە و ئامادە نین چۆڵیان بكەن، ئەو هێزانەیش لە وڵاتانی دیكەوە هاتوونە و دەیانەوێت ئیرادەی خۆیان بەسەر شنگالییەكاندا بسەپێنن، هۆكاری چۆڵنەكردنی بینای ئەو فەرمانگانەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەوان دەیانەوێت دەست لە كاروباری ناوخۆی شنگال وەربدەن و بارودۆخی ناوچەكە ئاڵۆز بكەن".
(شەشۆ) گوتیشی: "ئەوان بەپێی ڕێنماییەكانی حەشدی شەعبی لە ناوچەكە دەجووڵێنەوە و مووچەكەیشیان لەلایەن ئەو هێزەوە دێت، بۆ ئەوەی دۆخی ناوچەكە تێك بدەن، لەگەڵ ئەوەیشدا دەستی دەرەكییشیان لە ناودایە، دەبێت هەموو لایەنەكان پابەندی بڕیارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئیدارەی ناوچەكە بن و، بە خۆشی چۆڵی بكەن، ئەگەرنا دەبێت بە ناخۆشی بچنە دەرەوە".
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە لە شنگال دەشڵێت: "ئێمە وەك كوردانی ئێزدی تەنیا یەك ئاڵا دەناسین، ئەویش ئاڵای كوردستانە و ئاڵای هەموو كوردستانیانە، هەروەها لە ژێر ئەو ئاڵایەیشدا شنگال ڕزگار كراوە، بۆیە ڕێگە بە هیچ هێز و لایەنێك نادەین بێڕێزی بەرانبەر بە ئاڵای پیرۆزی كوردستان بكات".
ڕابین شێروانی




