٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەشارەتی: بەشداریی كۆبوونەوەكە ناكەین.. ٢٤ كۆبوونەوە كراون و ئەنجامێكی باشیان نەبووە

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٢ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجە رایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ لایەنەكان لەبارەی حكوومەتی خۆجێیی هەڵەبجەوە كۆ ببنەوە، بەڵام ئەوان بەشداری ناكەن، چونكە نازانن كارنامەی كۆبوونەوەكە چییە، جگە لەوەیش، لە ماوەی رابردوودا ٢٤ كۆبوونەوە كراون و هیچ ئەنجامێكی باشیان نەبووە.

(فازڵ بەشارەتی) بەرپرسی لقی ١٢ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجە، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیارە ئەمڕۆ لایەنەكان لەبارەی حكوومەتی خۆجێیی هەڵەبجەوە كۆ ببنەوە، ئێمەیش بانگهێشت كراوین بە شێوەیەكی بازاڕی، چونكە نەگوتراوە كارنامەكەی چییە و باس لە چی دەكرێت، تەنیا گوتوویانە كۆبوونەوە دەكرێت، بۆیە ئێمە بەشداریی هیچ كۆبوونەوەیەك ناكەین ئەگەر پێشوەختە نەزانین كارنامەی چییە و باس لە چی دەكرێت، هەر لەبەر ئەوەیشە رەتمان كردووەتەوە بچینە ئەو كۆبوونەوەیە".

(بەشارەتی) گوتیشی: "لە ماوەی رابردوودا ٢٤ كۆبوونەوە كراون و، جگە لە ئەنجامی خراپ، هیچ ئەنجامێكی باشی بۆ ئێمە نەبووە، بۆیە پێم وایە ئەم كۆبوونەوەیەیش وەكو كۆبوونەوەكانی رابردوو دەبێت".

لە ماوەی رابردوودا لایەنەكان لە هەڵەبجە لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان رێك كەوتن و، پشكی پارتیی دیموكراتی كوردستانیش پۆستی قایمقامی هەڵەبجە و چوار كورسیی ئەنجوومەن بوو، بەڵام لە ئێستادا لایەنەكان پاشگەز بوونەتەوە و پارتییش سوورە لەسەر ئەوەی ئەگەر ئەو پۆستانەی پێ نەدرێت، بەشداری لە حكوومەتی خۆجێیی هەڵەبجەدا ناكات.

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار