٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"خه‌ڵكانێك ده‌یانه‌وێ جه‌له‌ولا بكه‌نه‌ ناوچه‌یه‌كی داخراوی سه‌ربازی"

سەرچاوە: KDP.info

جه‌له‌ولا -KDP.info- به‌رپرسی ناوچه‌ی پارتی له‌ جه‌ولا ده‌ڵێ، ساڵێكە جه‌له‌ولا له‌ ده‌ستی داعش ڕزگار کراوە، به‌ڵام خه‌ڵكانێك هەن جه‌له‌ولا بكه‌نه‌ ناوچه‌یه‌كی داخراوی سه‌ربازی.

(عامر ڕەفعەت) بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە جەلەولا بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "خەڵكانێك هەن دەیانەوێت جەلەولا ببێتە ناوچەیەكی داخراوی سەربازی و ژیانی تێدا نەمێنێت. بەڵام خۆ جەلەولا ناوچەیەكی ستراتیژییە و كەوتووەتە نێوان چەندین شار و ڕێگای هاتوچۆی لەسەرە و ناوچەیەكی دابڕێندراوی هەرێمە و خاڵی تەماسی سەربازییە دەبێ زۆر بە گرنگەوە كاری بۆ بكرێت."
(ڕەفعەت) جەختی كردەوە: "دەبوو دوو مانگ پاش ئازادكردنی جەلەولا كاری تەواو بكرابا بۆ ئەوەی خەڵكە ئاوارەكەی بگەڕێتەوە، بەڵام تازە بە تازە ئەوە ساڵێك تێپەری بەسەر ڕزگاركردنی جەلەولا لەژێر دەستی داعش باسی گەڕانەوەی ئاوارەكان دەكرێت و، لەسەرخۆ كاری بۆ دەكرێت. خۆ هەر لەسەرەتای ڕزگاركردنی جەلەولاوە هێزی پیشمەرگەی لێ بوو حكوومەتی عێراقی تیا نەمابوو دەبوو ڕێگا نەدرێ ئەم حەشد و میلیشیایانە بێنەسنووری جەلەولا. ئەگەر بشمان ویستبا ڕێكەوتن بكەین دەبوو لەگەڵ حكوومەتی عێراق بیكەین نەوەك ئەم میلیشیا و حەشدانە."

بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتیی لە جەلەولا وتیشی: "هیچ وشەیەك ناتوانی نەهامەتی و بەدبەختیی ئاوارەكان دەربخات و خانەوادەی وا هەیە هیچ بڕە پارەیەكی لە گیرفاندا نەماوە خێزانەكەی خۆی پێ بژیێنێ، ئەوەتا ماوەیەك لەمەوبەر لە كەمپی عەلیاوەشدا بەهۆی ئاگرەوە خێزانێک، پێنج منداڵیان لێ سووتان".

گوتیشی: "دەبوو لە ساڵ ڕۆژی ڕزگاركردنی جەلەولادا ئێستا خەڵكە ئاوارەكەی لە جەلەولا بووبا و ژیانێكی خۆشی بە سەرجەم خزمەت گوزاریەكانەوە بۆ دابین كرابا و سەرجەم دامودەزگاكانی شارەكەش لە كاردا بان و قەرەبووی زیان لێكەوتووەكان كرابایەوە و هێزی پێشمەرگە لە سنورەكانی شارەكەبان. بۆیە پێویستە بە زووترین كات و بە شێوەیەكی ڕێكوپێك ئەم ئاوارانە بگەڕێندرێنەوە و لەم ڕەوشە نالەبارە ڕزگاریان ببێت."

ساڵێك لەمەوبەر و لە 23ـی تشرینی دووەمدا هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان توانییان شاروچكەی جەلەولا ئازاد بكەن.
سەرباز واحید

هەواڵی پەیوەندیدار