٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دڵشاد شەهاب: ئومێد و مەترسی، لە پارتی و یەكێتی دەخوازێت یەکهەڵوێست بن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (دڵشاد شەهاب) ئەندامی سەركردایەتی و ئەندامی شاندی دانوستانكاری پارتیی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "بارودۆخەكە وا دەخوازێت كە لە هەرێمی كوردستاندا بە هەر نرخێك و بە هەر شێوزاێك بێت، ئێمە خاڵێك لە شوێنێك دابنێین كە خاڵی گەییشتنە بە یەكگوتاری". دەشڵێت، پارتی ئارامی گرت و لە مافی خۆیشی نەرمیی پیشان دا، ئەمەیش لە پێناو ئەوەدا كە بارودۆخەكه پارێزراو بێ، بە داخیشەوە كە بارودۆخەكە بە ئێستا گەییشت.

(دڵشاد شەهاب) ئەندامی سەركردایەتی و ئەندامی شاندی دانوستانكاری پارتیی دیموكراتی كوردستان، دەربارەی تێڕوانینی پارتیی دیموكراتی كوردستان بۆ چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو دۆخەی كە ئێستا هەرێمی كوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ناڵێم هەموو ئەو بارودۆخانە بۆ ئێمە چاوەڕوانكراو بوو، بەڵام هێڵە گشتییەكانی ئەو گۆڕانكاریانەی كە هاتوونەتە پێش بۆ سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان روون بوو، لە دوای هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانیش بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەم، پارتی ئەوپەڕی مروونەت و پشوودرێژیی پیشان دا لە پێناو یەك ئامانجدا، چونكە پارتی چاوەڕوانی رۆژێكی وەكو ئەمڕۆ و ئەو گۆڕانكاری و مەترسیانە بوو كە لە ناوچەكەدا هەن، پێچەوانەكەیشی هەموومان دەزانین كەوا پێكهێنانی كابینە بۆ حزبێك كە 38 كورسیی هەبێت و كۆمەڵێك هاوپەیمانی دیكەیشی لەگەڵدا بن، كارێكی ئاسانە و ئەوەندە ناهێنێت 6 تا 7 مانگ لە گفتوگۆدا بێت، بەڵام هەموو ئەو پشوودرێژییەی ئەو كات كە پارتی هەیبوو، بۆئەوە بوو كەوا یەكڕیزیی نێوماڵی كورد بپارێزرێ و بە یەك گوتارەوە بەرەوڕووی ئەو ئەگەر و گۆڕانكاریانە ببینەوە، چ گۆرانكارییە ئیجابییەكان ئامادەسازییەكمان بۆی هەبێت و چ ئەو مەترسیانەی كەوا چاوەڕوان دەكرێن، بەداخەوە بارودۆخی كوردستان بەوە گەییشت كە نامەوێ بگەڕێمەوە سەری كە پارتی چەندی ئارام گرت و چەند پابەند بوو و چەند لە مافی خۆیشی نەرمیی پیشان دا لە پێناوی ئەو ئامانجەی كە ئەو بارودۆخە پارێزراو بێ، بەداخیشەوە كە بارودۆخەكە بە ئەمڕۆ گەییشت".
(شەهاب) گوتیشی: "ئێستا ئێمە لە بەردەم دووڕێیانێكداین كە بڕیاری چارەنووسسازی تێدا دەدرێت، یەكیان كە هەموو لایەك دەزانن ئەم ناوچەیە بەرەو گۆڕانكارییەكی گەورە دەڕوات و بوركانێك لە ناوچەكەدا هەیە كە شەڕی دژەتیرۆر ڕووە دیارەكەیەتی، بەڵام كۆبوونەوەی ئەو هەموو هێز و بەرە جیاوازانەی كە لەو ناوچەیەدا دروست بوون و دروست دەبن، خۆی لە خۆیدا رەنگدانەوەی راستەوخوی بەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستانەوە دەبێت، ئەو پێشهاتانەی كە هاتوونەتە پێش بۆ گۆڕانكاری لە بارودۆخی نەتەوەیی ئێمە و پارچەكانی دیكەی كوردستانیش، دەرفەتێكی باش و لەبارن لە رووی سیاسی و بەرەوپێشچوونی سەربازی بە تایبەت لە رۆژئاوای كوردستان و باكووری كوردستانیش دەرفەتێكی لەبار هەیە بۆ ئەوەی گەلی كورد بە بەمافەكانی بگات، كە ئەوە بە بەرەوپێشچوونی گرینگ دەزانرێت".
پێوەست بەو گۆڕانكارییەی كە ناوچەكەیش پێیدا تێپەڕ دەبێت، (دڵشاد شەهاب) دەڵێت: "رەوشی سیاسیی بەغدا و ئەو سیستەمی حوكمڕانی و شێوازی بیركردنەوە و مامەڵەكردنیان لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا، بارودۆخی ناوخۆی بە قەیرانێكی ئابووریی سەختدا برد و بژێویی ژیانی خەڵك بڕدرا، سەرباری ئەوانەیش ئەو بارودۆخەی كە ئێستا هەیە لە هەرێمی كوردستاندا، وا دەخوازێت كە بە هەر نرخێك و بە هەر شێوزاێك بێت، ئێمە خاڵێك لە شوێنێك دابنێین كە خاڵی گەییشتنە بە یەكگوتاری، چونكە هەموو ئەو ئەگەرانەی كە ئاماژەمان پێ دان، ئەگەری دووسەرەن، ئەگەر ئامادەییمان بۆیان هەبێت، دەتوانین هەموو ئەو گۆڕانكاریانە بە ئاڕاستەیەكدا بقۆزینەوە كە لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستاندا بێت، خۆ ئەگەر ئامادەسازییشمان بۆی نەبێت و ئەو پەرتەوازەییە بەردەوامی هەبێت، ئەوا پێچەوانەكەی راستە كە دەگاتە ئاستی ئەوەی رەنگە زۆر شت بەدەست نەهێنین، رەنگە زۆر شتیش لە دەست بدەین، بۆیە لەو روانگەیەوە پارتی ئاسۆی بیركردنەوەی بەو جۆرەیە كە باسم كرد، ئەو ئامانجەیشی لە پێش چاوی خۆیدا داناوە و، ئینجا بە ئاڕاستەی هەنگاونان بۆ ئەو ئامانجە كار دەكات و بڕیاری مەركەزیی پارتییش وەهایە كە، ئەو ئامادەسازیانە تەنیا لە رێگای لێكتێگەییشتن و گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ لایەنەكان و پێداچوونەوە و داڕشتنەوەی فۆڕمێكی تازەی كاركردن دەكرێت، بە مەرجێك كە ئەو فۆڕمە تازەیە گەرەنتیی سیستەمی حكومڕانی و خەڵكی هەرێمی كوردستان بكات كە هەركاتێك و بە هەر هۆكارێك لە مەترسی دوور بكەوینەوە كە هەركاتێك و بە هەر هۆكار و خیلافێكەوە ئەم تەجرووبەیە دووچاری ئاڵۆزی نەبێتەوە وەك ئەو رووداوانەی كە لە پێشوودا روویان دا".
سەبارەت بە هەنگاوەكانی پارتی و دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكانی دیكەدا، ئەو ئەندامەی شاندی دانووستانكاری پارتی گوتی: "پارتیی دیموكراتی كوردستان لەو روانگەیەوە هەڵوێستی خۆی نەشاردووەتەوە و ئامادەیی تێدایە كە لەگەڵ سەرجەم لایەنەكاندا كۆ ببێتەوە و پەیوەندیی بەردەوامیش هەیە كە هەندێك كۆبوونەوە فەرمییەكانن و هەندێكیشی لەگەڵ سەركردەكانە و لە بیروڕاگۆڕینەوەداین كە دواكۆبوونەوەیش، كۆبوونەوەكەی نێوان پارتیی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بوو و، من بەش بەحاڵی خۆم ئەوەی لە كۆبوونەوەكەدا بە گرینگی دەزانم و بە روونی هەستم پێ كرد، تێڕوانینی هاوبەشی پارتی و یەكێتیی بوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو پرسانەی كە باسم كردن".
(دڵشاد شەهاب) دەربارەی کۆبوونەوەکەی نێوان پارتی و یەکێتی زیاتر دوا و گوتی: "ئێمە ئەوەندەی لە كۆبوونەوەكەدا باسی پەیوەندی و كاری هاوبەشی پارتی و یەكێتیمان كردووە، ئەوەندە باسی هیچ لایەنێكمان نەكردووە، چونكە كۆبوونەوەی ئێمە، كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتی بووە نەك كۆبوونەوە لەسەر بارودۆخی لایەنێكی دیكە، چونكە كۆبوونەوەكە ئەوەندە گرینگ بوو كە هەموو ئەو بابەتانەی تێیدا باس كران كە ئاماژەمان بۆ كردن، وەك ئاگاداریشن دوو رۆژە چەند شوێنێك گەشتەكانی خۆیانیان راگرتووە لەبەر ئەوەی دەڵێن، مووشەكی زلهێزەكان بە ئاسمانی كوردستاندا دەڕۆن، ئەگەر وڵات لە بارودۆخێكی وەهادا بێت و دوو هێزی كاریگەری وەكو پارتی و یەكێتی لە بەرانبەر ئەم هەموو مەترسییە دووسەرەیە كۆ ببنەوە، گرینگیی خۆی هەیە بە تایبەت كە ئەو دەرفەتانەی كە بۆمان هاتوونەتە پێشەوە پێویستە بیانقۆزینەوە و، ئامادەی گۆڕانكاریكردن لە نەخشەی سیاسی و جیۆگرافیی ناوچەكەدا بین، بۆیە هەم ئومێد هەم خەتەر لە بەردەم پاشەڕۆژی كوردستاندا ئەوەندە زەقە، كە وا دەخوازێت بە تایبەتی بەرپرسانی پارتی و یەكێتی، لە ئاستی ئەو پرسە گەورانەدا‌ یەكدەنگ بن كە هەموو لایەنەكانیش ئەوە دەزانن و، چاوەڕوانییشیان لەو دوو هێزە هەیە كە بگەنە ڕوئیایەكی هاوبەش بۆ مەترسی و دەستكەوتەكانیش لەم بارودۆخەدا".‌

هەواڵی پەیوەندیدار