٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتى خوێندنى باڵا، مۆڵەتی بە کردنەوەى حەوت پەیمانگاى تایبەت دا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  بۆ ڕەخساندنى دەرفەتى زیاتر بەدەرچووانى پۆلى (١٢)ى ئامادەیى، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، مۆڵەتى کارکردنى بە حەوت پەیمانگاى تایبەت دا، کە بۆ ئەمساڵى خوێندن خوێندکار وەردەگرن.

(عەباس ئەکرەم) گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: پاش ئەوەی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ یەکەمینجار ڕێنمایى پەیمانگا تایبەتەکانى دەرکرد، لەبەر ڕۆشنایى ڕێنمایى ژمارە (٥) کە تایبەتە بە کردنەوەى پەیمانگاى تایبەت لە هەرێمى کوردستان، ژمارەیەک پڕۆپۆزەڵ بۆ کردنەوەى پەیمانگاى تایبەت پێشکەش بە وەزارەتەکەمان کرا، دواتریش لەلایەن لێژنەى باڵاى دڵنیایى جۆرى و متمانەبەخشین هەڵسەنگاندن بۆ سەرجەم پڕۆپۆزەڵەکان کرا، بەڕچاوکردنى ڕێنماییەکان و ئەنجامى هەڵسەنگاندنەکان، ئەمڕۆ دووشەممە، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ئیمزاى لەسەر کردنەوەى حەوت پەیمانگاى تایبەت لە شار و شارۆچکەکانى هەرێمى کوردستان کرد.

گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕوونیشی کردنەوە، ئامانج لە کردنەوەى ئەو پەیمانگایانە ڕەخساندنى دەرفەتى زیاترى خوێندنە بۆ دەرچووانى پۆلى (١٢)ى ئامادەیى، بەتایبەت ئەوانەى کە کۆنمرەیان لە خوار (٥٥%)ە. هەروەک جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کە لە پێدانى مۆڵەت بەو پەیمانگایانە جگە لە بوارى وێژەیى و زانستى ڕەچاوى بوارى پیشەییش کراوە، تا بەهۆیەوە پێداویستیەکانى ئەمڕۆى بازارەکانى هەرێمى کوردستان پر بکرێتەوە. وتیشى کردنەوەى ئەو پەیمانگایانە پاڵپشتى پڕۆژەکانى وەزارەت دەبێت بۆ بەرزکردنەوەى کواڵیتى خوێندن لە زانکۆ تایبەتەکان.

(عەباس ئەکرەم) ڕاشگەیاند: ئەو پەیمانگایانە لە ساڵى نوێى خوێندنى (٢٠١٥-٢٠١٦)ەوە خوێندکار وەردەگرن بریتین لە (پەیمانگەى تەکنیکى پایتەخت لە هەولێر، پەیمانگاى تەکنیکى کوردستان لە سلێمانى، پەیمانگاى تەکنیکى دهۆکى تایبەت، پەیمانگاى تەکنیکى تایبەت لە کەلار، پەیمانگاى هەیبەت سوڵتان لە کۆیە، لقى پەیمانگاى ڕواندز لە هەولێر و لقى پەیمانگاى ڕواندز لە ئاکرێ).
بەمەش لەگەڵ پەیمانگاى هەولێر بۆ نەوت و پەیمانگاى تەکنیکى ڕواندزى تایبەت کە پێشتر مۆڵەتیان پێدرابوو، ژمارەى پەیمانگا تایبەتەکان بووە (٩) پەیمانگاى تایبەت لە سەر ئاستى هەرێمى کوردستان.
 

هەواڵی پەیوەندیدار