خورماتوو.. شیعەكان دیوار لە نێوان گەڕەكە كوردی و توركمانییەكان دروست دەكەن

خورماتوو-KDP.info- بەرپرسی ناوچەی خورماتووی پارتی ڕایدەگەیێنێت، لە ئێستادا رەوشی خورماتوو ئارامە، بەڵام ئارامییەكە هەر ئەوەیە كە تەقە وەستاوە و، لە هەندێك گەڕەكیش شیعەكان دیوار و سنوور لە نێوان گەڕەكە كوردی و توركمانییەكان دروست دەكەن.
(ئەحمەد عەزیز) بەرپرسی ناوچەی خورماتووی پارتیی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە ئێستادا رەوشی خورماتوو ئارامە، بەڵام ئارامییەكە هەر ئەوەیە كە تەقە وەستاوە. دوێنێیش بە بڕیاری ئیدارەی شاری دووز، دەوامی فەرمی لە شارەكە دەستی پێ كرد، بەڵام توركمانەكان بایكۆتی دەوامیان كردووە. ئەم كوردانەیش كە دوكانیان دەكەوێتە گەڕەكە توركمانییەكان، بار دەكەن و بە پێچەوانەیشەوە. لە هەندێك گەڕەكیش شیعەكان دیوار و سنوور لە نێوان گەڕەكە كوردی و توركمانییەكان دروست دەكەن."
بەرپرسی ناوچەی خورماتووی پارتی ئاماژەیشی دا: "پێشتریش باركردن و كۆچی كوردان لەم شارەدا بوونی هەبوو بۆ ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان بە هۆی پاشاگەردانی و بێسەروبەری لە ڕووی ئەمنییەوە، بەڵام لە دوای ئەم گرژی و رەوشەی شاری خورماتوو، رێژەی كۆچی كوردان زیاتر بووە لە چاو پێشتر."
لە دواڕێككەوتنی نێوان توركمانەكان و بەرپرسانی یەکێتی لە ناوچەی دووزدا، هەردوولا لەسەر چەند خاڵێك رێك كەوتوون و دیلەكان ئاڵوگۆڕ كران، بڕیاریش درا ئەو خاڵە پشكنینانەی كە لە ناوخۆ و دەرەوەی خورماتوو هەن، تەنیا لەلایەن هێزەكانی پۆلیسی شارۆچكەكەوە بەڕێوە ببرێن.
سەرباز واحد




