هەوڵ دەدرێت بەشەدەرمان و خۆراكی هەرێم لە بوودجەدا مەرجدار بكرێت

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، لەناو پەرلەمان هەوڵ دەدرێت بۆ ئەوەی بەشەدەرمان و خۆراكی مانگانەی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراقدا مەرجدار بكەن، بەڵام بە هیچ شێوەیەك ئەمە قبووڵ ناكەن.
ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (حاكم سەرحان سلێڤانەیی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لەناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا هەندێك لە پەرلەمانتاران بە ئاشكرا هەوڵ دەدەن بڕگەیەك لە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق زیاد بكرێت، بۆ ئەوەی ئەگەر هەرێمی كوردستان باج و داهاتەكان نەگەڕێنێتەوە بۆ بەغدا، بەشەدەرمان و خۆراكی مانگانە ببڕن".
(حاكم سەرحان) گوتیشی: "ئێمە وەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكان بە هیچ شێوەیەك ئەمە قبووڵ ناكەین و هەڵوێستیمان دەبێت ئەگەر ئەو كارە بكەن، بەڵام بڕوا ناكەم بتوانن سەركەوتن بە دەست بهێنن، چونكە دژی دەستووری عێراقە و رێگەیان پێ نادات".
بڵند ئیبراهیم




