شاخەوان عەبدوڵڵا: هەوڵی زامنكردنی مووچەی 100هەزار پێشمەرگە له ئارادایه

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی ئاسایشوبەرگری ئەنجوومەنی نوێنەران ئاشكرای دەكات پرۆژەیەكی ئامادە كردووە و بە سەرجەم فراكسیۆنە كوردییەكانی دەدات و، لە پرۆژەكەیدا هەوڵ دەدات لە بودجەی عێراقدا مەبلەغێكی هاوشێوەی حەشدیشەعبی بۆ هێزی پێشمەرگە دابین بكرێت كە مووچەی 100هەزار پێشمەرگەیەك دەبێت.
(شاخەوان عەبدوڵڵا) ئەندامی لیژنەی ئاسایشوبەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەگەر بوودجەی 2016ی عێراق بەم شێوەیە بڕوات هیچ گهرەنتیەكی تێدا نیە بۆ هێزی پێشمەرگە وەك چۆن ئەم ساڵ دەبوو حكوومەتی عێراق بە گوێرەی پرۆژەیاسای بودجە مووچەی هێزی پێشمەرگە دابین بكات بەڵام نەیكرد. ئەوەشی كە كراوە لە پرۆژەیاسای بودجەدا تەنها بۆرازیكردنی كوردە و لە موجامەلە دەچێ، چونكە هێزی پێشمەرگە هیچ سودێكی لەو ماددەیەی بودجە نەبینیوە كە ساڵی پار پشكی بۆ دیاری كرا."
(عەبدوڵڵا) گوتیشی: "لە لە پێنجەم بڕگەی ماددەی نۆیەمی پرۆژەیاسای بوودجەدا هاتووە كە برێك پارە تەرخان بكرێت بۆ هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی هێزە وشكانیەكانی وەزارەتی بەرگریی عێراق، بەڵام خۆ من وردەكاریی وەزارەتی بەرگریی عێراقیم لایە و هیچ شتێكی تێدا نییە بە ناوی بوودجەی هیزە وشكانییەكانی عێراق. بۆیە ئەم ماددەیە زیاتر بۆ ڕازیكردنی دڵی كوردە."
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئاشكرای كرد: "پرۆژەیەكم ئامادە كردووە بۆ ئەوەی هیچ نەبێ لەم قۆناغەدا مووچەی 100هەزار پێشمەرگە دابین بكەین و دەیدەم بە سەرجەم فراكسیۆنە كوردییەكان بۆئەوەی پشتگیریی گشتی بۆ دروست بكەین. لە پرۆژەكەدا مەبلەغێك دیاری دەكەین بۆ هێزی پێشمەرگە، ئەوەندەی کە بتوانین 100هەزار مووچە بۆ هێزی پێشمەرگە دابین بكەین وەك چۆن 100هەزار بۆ حەشد دابین كراوە. ئەمەش زۆر ئەستەم نییە بۆ حكوومەت چونكە لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق 100هەزار پشك بردراوە با ئەو پشكانە بدرێت بە هێزی پێشمەرگە. ئەمەش دەكاتە ئەوەی كە ئێمە زامنی مووچەی 100هەزار پێشمەرگەمان كرد."
ئاماژەیشی دا: "ئەگەر بێت و، شیعەكانیش بەم داوایەمان ڕازینەبن ئەوا ئێمەش كۆمەڵێك كارتمان هەیە و بەرانبەریان بە كاری دێنین، وەك ئەوەی كە ژمارەیەك زانیاری لەسەر حەشد ئاشكرا بكەین."
بە گوێرەی پرۆژەیاسای بوودجەی 2015ـی عێراق دەبوو حكوومەتی عێراق مووچەی هێزی پێشمەرگە دابین بكات، بەڵام پابەند نەبوو پێی و، لە ساڵی 2015دا هیچ برەپارەیەكی بۆ هێزی پێشمەرگە ڕەوانە نەكردووە.
سهرباز واحید




