یەكێتیی زانایان: پێویستە مەرجەعەكانی شیعە رۆڵی مێژووییان بگێڕن

هەولێر-KDP.info- یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان، لە ڕاگەیەندراوێكدا وێڕای سەركۆنەكردنی هەر كارێكی تایفی و فیتنەگێڕی، دەڵێت: "هیوادارین مەرجەعەكانی شیعە رۆڵێكی كارا ببینن، بۆ ئەوەی رێگە نەدەن بە حەڵاڵكردنی خوێنی كوردستانیان لەلایەن كەسانێكی گێرەشێوێن لە پەنای مەزهەب و، سوكایەتی بە پیرۆزییە نەتەوەییەكانی ئەم گەلە نەكرێت، بە توندییش بەرپەرچی ئەو هەوڵە نەگریسانە بدەنەوە، كە سوكایەتی بە ئاڵای كوردستان دەكەن".
ئەمەیش دەقی ڕاگەیەندراوەكەیە:
بسم الله الرحمن الرحیم
(ێاأَیُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَڵقْنَاكُمْ مِنْ ژَكَرٍ ۆأُنْپَی ۆجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا ۆقَبَائِڵ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِیمٌ خَبِیرٌ).
ماوەیەكە گرژی و ئاڵۆزیێك لە نێوان هێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبیدا لە دوزخورماتوو دروست بووە، كە دواجار كۆمەڵێك كاری نەرێنی لێوە دروست بوونە، لە كاتێكدا ئێمە چاوەڕوان بووین بە حیكمەتی سیاسەتمەداران و هەوڵی مەرجەعەكانی شیعە ئەم باسە زوو كۆتایی بێت، بە تایبەتی كە گەلی كورد هیچ كاتێك كێشەی مەزهەبی لەگەڵ هیچ مەزهەبێكی عێراقدا نەبووە و، هەمیشە هاووڵاتیان و زانایان و سیاسەتمەدارەكانی كوردستان بە چاوی رێزەوە تەماشای مەزهەبە جیاوازەكانیان كردووە، هەمووانیش لە كاتی تەنگانەدا خۆیان لە باوەشی كوردستان گرتووەتەوە.
لێرەوە وەك زانایانی ئایینی هەرێمی كوردستان، وێڕای ئیدانەكردنی هەر كارێكی تایفی و فیتنەگێڕی، هیوادارین مەرجەعەكانی شیعە رۆڵێكی كارا ببینن، بۆ ئەوەی رێگە نەدەن بە حەڵاڵكردنی خوێنی كوردستانیان لەلایەن كەسانێكی گێرەشێوێن لە پەنای مەزهەب و، سوكایەتی بە پیرۆزییە نەتەوەییەكانی ئەم گەلە نەكرێت، بە توندییش بەرپەرچی ئەو هەوڵە نەگریسانە بدەنەوە، كە سوكایەتی بە ئاڵای كوردستان دەكەن، كە رۆژانە لە ژێریدا شكست لە دوای شكست بە تیرۆریستان دەهێنن، هەروەك پێویستە پارێزگاری لەو مێژووە بكەن، كە شێخ (موحسین ئەلحكیم) لە ناخۆشترین رۆژدا نەیهێشت فەتوای حەڵاڵكردنی خوێنی كورد بدرێت.
یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان
22/11/2015




