تەرمی سێ كۆچبەر هێندرانەوە سلێمانی.. شەشی دیکەیش دەگەڕێندرێنەوە هەولێر

سلێمانی-KDP.info- ئەمڕۆ سێ تەرمی دیكەی كۆچبەرانی هەرێمی كوردستان كە لە رێگەی وڵاتانی ئەورووپا بوونەتە قوربانی، گەڕێندراونەتەوە بۆ سلێمانی و، بڕیارە سبەینێیش شەش تەرمی دیكە بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان كە خەڵكی رۆژئاوای كوردستانن.
بەرپرسی نووسینگەی فیدراسیۆنی پەنابەرانی سەرتاسەریی عێراق لە هەرێمی كوردستان (ئامانج عەبدوڵڵا)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، ئەمڕۆ سێ تەرمی دیكەی كۆچبەرانی كوردستان كە لە رێگەی وڵاتانی ئەورووپا بوونەتە قوربانی، گەڕێندراونەتەوە بۆ پارێزگای سلێمانی كه دووانیان دایك و كوڕێكن و ئەوەی دیكەیش ئافرەتێكی خەڵكی كەركووكە.
(ئامانج عەبدوڵڵا) ڕوونیشی كردەوە، بڕیارە سبەی تەرمی خێزانێكی شەش كەسی لە رێگەی فڕۆكەخانەی هەولێرەوە بگەڕێندرێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان و دواتریش رەوانەی رۆژئاوای كوردستان دەكرێن.
(عەبدوڵڵا) گوتیشی، تاوەكو ئێستا تەرمی ٢٨ كۆچبەری هەرێمی كوردستان گەڕێندراونەتەوە و، ژمارەیەكی دیكەیش ماون كە بڕیارە ئەوانیش بگەڕێنەوە، بەڵام پێویستیان بەوە هەیە بناسرێنەوە و مامەڵەی گەڕانەوەیان بۆ دروست بكرێت.
بڵند ئیبراهیم




