٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كۆنفڕانسێكی گەشتیاریی نێودەوڵەتی لە هەرێم دەبەسترێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم دەڵێت، دەستیان بە ئامادەكاری كردووە و لە سەرەتای مانگی 12ـدا كۆنفڕانسێكی گەشتیاریی نێودەوڵەتی  لە ژێر چاودێریی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم لە هەولێری پایتەخت دەبەسترێت.

(نادر رۆستی) گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دەستمان بە ئامادەكاری كردووە بۆ ئەوەی لە سەرەتای مانگی 12ـدا كۆنفڕانسێكی گەشتیاریی نێودەوڵەتی لە هەرێمی كوردستان ببەستین".

(رۆستی) گوتیشی: "ڕۆژانی 1 و 2ـی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ، كۆنفرانسێك دەبەستین بە مەبەستی چالاككردنی كەرتی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستاندا و، ئامانج لەو كۆنفڕانسەیش‌ ئەوەیە، جارێكی دیكە بتوانین هەرێمی كوردستان و زیاتر شوێنە گەشتیارییەكان بە جیهان بناسێنین، بۆ ئەمەیش زیاتر لە 20 وڵات و 100 كۆمپانیا بێنین بۆ هەرێمی كوردستان كە ئێستا 80 كۆمپانیا خۆیان ناونووس كردووە، هەروەها ژمارەیەك وەبەرهێنەری خۆماڵی و بیانی ئامادە دەبن، لەگەڵ ئەوەیشدا 30 كۆمپانیای گەشتوگوزاری هەرێمیش خۆیان ناونووس كردووە و ئامادە دەبن، كە دەبێت ئەو كۆمپانیایانە بن كە بەرنامەی هێنانی گەشتیاری بیانییان هەبێت بۆ هەرێم، لەبەر ئەوە ئامانجی كۆنفڕانسەكە هێنانی گەشتیارە و زیاتركردنی وەبەرهێنانی گەشتیارییە، هەر كۆمپانیایەكیش بەرنامەی هێنانی گەشتیاری نەبێت، ناتوانێت لە كۆنفڕانسەكەدا ئامادە بێت".

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان دەشڵێت: "ئامانج لەو كۆنفڕانسە ئەوەیە لەو قەیرانە داراییە هاوكار بین بۆ وڵات و حكوومەتی خۆمان، بۆ ئەوەی لەو قەیرانە داراییە كەمێك دەربچین، ئەویش بە هۆی هێنانی پارەی بیانی لە ڕێگەی گەشتیارەوە بۆ هەرێمی كوردستان".

(رۆستی) ئاماژەیشی دا: "لەو كۆنفڕانسەدا نوێنەری وڵاتانی جیهان و نوێنەری كۆمپانیا گەشتیارییەكان لەسەر ئاستی جیهان بەشدار دەبن، بۆ ئەوەی سەرنجیان ڕابكێشین و گەشتیار بهێننە هەرێمی كوردستان. هەروەها لەگەڵ ئەوەیشدا سەرنجی وەبەرهێنەران ڕابكێشین تا جارێكی دیكە روو لە كەرتی گەشتیاری بكەن و ئەو كەرتە زیاتر پێش بكەوێت".

 

ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار