٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پرسی جینۆسایدی گەلی كوردستان و ژنانی ئێزدی، برایە پەرلەمان و حكوومەتی بولگاریا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- لە میانەی سەردانێكی فەرمیدا بۆ وڵاتی بولگاریا، شاندێكی پەرلەمانی كوردستان پرسی ناساندنی جینۆسایدی گەلی كوردستان، كەیسی ژنانی ئێزدی و دروستكردنی پەیوەندیی نێوان پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانی بولگاریایان تاوتوو كرد.

(محەممەد عەلی یاسین) ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی زەرد، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە رۆژانی ١٧ بۆ ٢٢/١١/٢٠١٥ شاندێكی لیژنەی كۆمەڵی مەدەنی لە پەرلەمانی كوردستان سەردانی وڵاتی بولگاریای كرد بە مەبەستی گەیاندنی پرسی جینۆسایدی گەلی كوردستان و ژنانی ئێزدی و دروستكردنی پەیوەندی لە نێوان هەردوولادا و، لەو سەردانەدا دیدار لەگەڵ جێگری سەرۆكی پەرلەمان (ئیڤان ئیڤانۆڤ) و گرووپی پشتیوانی لە گەلانی عێراق لە پەرلەمانی بولگاریا ئەنجام درا، كە پێك هاتبوون لە چەند ئەندام پەرلەمانێك لە فراكسیۆنە جیاجیاكانی پەرلەمان و سەرۆكی لیژنەی فێركردن و كۆمەڵی مەدەنی (میلینا نێدیڤا) و، سكرتێری سەرۆكی وڵاتی بولگاریا بۆ كاروباری كولتوور و كۆمەڵی مەدەنی (رۆمیانا كۆلارۆفا) و، نوێنەری هەرچوار پارتیی سەرەكی لە پەرلەمانی بولگاریا ( پارتیی دیموكراتی بولگاریا، پارتیی سۆشیالیستی بولگاریا، بزووتنەوەی ماف و ئازادییەكان و پارتیی لیبراڵی بولگاریا)".

(یاسین) گوتیشی: "پڕۆگرامەكان بۆ شاندی بەشداربوو لەلایەن ئاژانسی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان undpلە چوارچێوەی پڕۆگرامی (بەشداری لە حوكمڕانیی باش) رێك خرابوو، كە تێیدا پرسەكانی چۆنیەتیی بەیەكەوەژیانی ئاشتیانەی پێكهاتەكانی كۆمەڵگا لە قۆناغی راگواستن بۆ دیموكراسی و رۆڵی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لەم نێوەندەدا، خرایە ڕوو".

 شایانی باسە، شاندی پەرلەمانی كوردستان پرسی هاوكاریی نێوان هەردوو پەرلەمان لە بوارەكانی ناساندنی جینۆسایدی گەلی كوردستان و ژنانی ئێزدی و، پرسی پەرەپێدانی كەرتەكانی خوێندن و تەندروستی و گەشتوگوزار و، گرینگیی كردنەوەی كۆنسووڵخانەی بولگاریای لە كوردستان، تاوتوو كرد.

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار