تەندروستیی دهۆك: ستاییشی سەرۆك بارزانی، بۆ خزمەتكردنی زیاتری شنگال هانمان دەدات

دهۆك-KDP.info- بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی پارێزگای دهۆك دەڵێت،ئەو رێز و سوپاسەی (سەرۆك بارزانی) پێشكەشی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی پارێزگای دهۆكی كرد، هاندەرێكە بۆ ئەوەی زیاتر خۆمان ماندوو بكەین و پتر خزمەتی برا پێشمەرگەكان و ئاوارەكان بكەین ئەوەیش دەخاتە ڕوو كە، لەم حەفتەیەدا یارمەتیی تەندروستی دەگەیەننە شنگال.
( د. نزار عیسمەت) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی پارێزگای دهۆك، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لەدوای ئازادكردنی شنگال و راسپاردنمان لە ئیدارەی پارێزگای دهۆك و لەلایەن (سەرۆك بارزانی) و سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، بۆ ئەوەی سەردانی شنگال بكەین تا بزانین دەتوانین چی پێشكەشی ئەو دەڤەرە بكەین، سەردانەكەمان ئەنجام دا و هەڵسەنگاندنمان كرد، هەرچەندە پێشتریش لە چیای شنگال و دوای ئازادكردنی ناحیەی سنوونێش تیمەكانی تەندروستیمان لەو شوێنانە كارەكانیان ئەنجام دەدەن، بۆیە دوای هەڵسەنگاندنەكان داوای یارمەتی دەكەین تا بتوانین پێداویستییە تەندروستییەكان بۆ شنگال دابین بكەین".
(عیسمەت) گوتیشی: "بەشێكی زۆری نەخۆشخانەی شنگال ڕووخاوە و ئامێرەكانیشی تێك دراون، دوو بنكەی تەندروستی هەیە یەكێك لەوانە پێویستی بە نۆژوەنكردنەوە هەیە و دەتوانین ئەو بنكەیە بەكار بهێنین، لەم حەفتەیەیشەوە دەستبەكار دەبین و هەوڵ دەدەین كارگێڕی كەرتی تەندروستییش لەو شارە دەستبەكار بن و ئێمەیش هاوكارییان دەكەین لە پێداویستییەكان و دەرمان و كەلوپەلی دیكە، لەم رووەیشەوە پلانی خۆمان دەبێت لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی پارێزگای مووسڵ تا بتوانین خزمەت بگەیەنین بە گشت نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكانی شنگال، ئێستایش نەخۆشخانەیەكی گەڕۆكمان داناوە لە شنگال لەگەڵ ئامبۆڵانسێك تا خزمەتی خەڵك بكەن".
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی دهۆك دەشڵێت: "ماوەی دوو ساڵە بە شێوەیەكی بەردەوام كارەكانمان ئەنجام دەدەین و، زۆر سوپاسی (سەرۆك بارزانی)ـیش دەكەین بۆ ئەو رێز و سوپاسەی كە پێشكەشی بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی پارێزگای دهۆكی كرد بە گشت كارمەند و پزیشك و بەڕێوەبەر و ستافەكەی، كە ئەوە جێگای خۆشحاڵیی هەموومان بوو و هاندەرێك بوو تا زیاتر خۆمان ماندوو بكەین و پتر خزمەتی برا پێشمەرگەكان و ئاوارەكان بكەین".
نەشوان بەرزنجی




