نوێنەری ئۆباما: ئەگەر کورد یەک بگرێ هیچ هێزێک نایانشکێنێ

ئانكارا-KDP.info- نوێنەری سهرۆكی ئهمهریكا، (برێت ماککۆرگ) پێی وایە ئەگەر کورد یەکگرتوو بن هیچ هێزێک ناتوانێت بیانشکێنێت، ئەمەشمان لە کۆبانی بینی کە چۆن داعشیان تێک شکاند.
ڕۆژی پێنجشەممە برێت شەڕی داعشی تاوتوێ کرد و، زۆر گەورە باسی ڕۆڵی پێشمەرگەی کرد.
لەو هەڵسەنگاندنەدا کە چەند میدیایەکیش ئامادەی بوون، لێیان پرسی ئایا ئێوە بە مەرج یارمەتیی سەربازیی ناوچە کوردەکان دەدەن؟ ئەو گوتی: "ئێمە زۆربەی کات لەگەڵ کوردەکاندا کۆ دەبینەوە، وەکو پارتیی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. ئەوان هەر پێویستییەکیان بۆ شەڕکردن دژی داعش بوێت ئێمە بۆیانی دابین دەکەین."
ئەو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەیش کرد، کە ئەگەر کوردەکان یەک بگرن هێز نییە بیانشکێنێت، وەکچۆن لە کۆبانێدا بینیمان. کوردەکان لەوێ بە یەک هێز بەروڕووی داعش بوونەوە و بە ماوەیەکی کەم داعشیان تێک شکاند.
ئەو گوتی: "ئەم شەڕە جارێ کۆتایی نەهاتوە. هەموو ڕۆژێک کوردەکان شەهید دەدەن. بۆیە ئێمە دەڵێین یەکڕیزیتان بپارێزن، مەترسیی داعش هەر ماوە."
ئەو باس لەو ساتانە دەکات کە لە ئانکارا بڕیاریان داوە پێشمەرگە بچێتە کۆبانی.
برێت دەڵێت: "ئێمە لە ئانکارا بە تورکیامان گوت کە چەک بۆ پێشمەرگە بنێرن و ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبێت لە ڕووبەرووبونەوەی داعش، ئەوە بوو ئەوانیش ڕێگەیەکیان کردەوە تا پێشمەرگە بۆ یارمەتی یەپەگە بچێتە کۆبانی، ئیتر بینیمان بە یەکگرتوویی چۆن داعشیان تێک شکاند".
کارزان گلی




