٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئاوارە گەڕاوەكانی ئێران و توركیا كۆمەك دەكرێن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی زستان و بوونی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە لە دەڤەری سۆران، بە مەبەستی كارئاسانی بۆ ئاوارەكان، بەڕێوەبەرایەتیی كۆچ و كۆچبەرانی سۆران بە هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوی قەندیلی نێودەوڵەتی و یوئێن ئێچ سی ئاڕ، چەكی بانكی بە بڕی 200 دۆلاری ئەمەریكایی لە جیاتی دابینكردنی نەوت بە سەر ئاوارەكاندا دابەش كرد.

(عەباس ئەمیر) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی كۆچ و كۆچبەرانی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "هاتنی ئاوارەكان بۆ دەڤەری سۆران بەردەوامە، بە هۆی هاتنی وەرزی سەرماوە، بۆ ئاوارەكانی نیشتەجێی هەر چوار شارۆچكەی دەڤەری سۆران، مێرگەسوور، چۆمان و رواندز، لەسەر داوای حكوومەتی هەرێم و نووسینگەی كۆچ و كۆچبەرانی هەرێمی كوردستان داوامان كرد، كە ژیان و گوزەرانیان لەم وەرزەدا بەرەو خراپی دەچێت، بە تایبەتی لە دەڤەری سۆران كە ناوچەیەكی شاخاوییە و بەفر و بارانێكی باشی لێ دەبارێت، ئێمە داوامان كردبوو نەوت بەسەر ئەو ئاوارانەدا دابەش بكرێت، بەڵام پاش ئەوەی بۆ ڕێكخراوەكان دیار بوو كە ڕێژەی ئاوارەكان زۆرە و زیاتر لە 4 هەزار خێزانە، پێیان باش بوو لە جیاتی دابەشكردنی نەوت پارە بەسەر ئاوارەكاندا دابەش بكرێت، ئەوە بوو كە 200 دۆلار بۆ هەر خێزانێك لە ڕێگەی ڕێكخراوی UN و بە هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوی قەندیلی نێودەوڵەتی بۆ ئەو ئاوارانە دابین كرا، قۆناغی یەكەم بۆ 750 خێزان چەك دابین كراوە و 200 دۆلاریان پێ دراوە".
گوتیشی: "داوامان كردووە ئەوانەی ماویشن، بە زووترین كات چەكیان پێ بدرێت بۆ ئەوەی بتوانن بۆ خۆیان نەوت لەم وەرزەدا دابین بكەن".
(ئەمیر) ئەوەیشی خستە ڕوو: "بەپێی پڕۆژەیەك و وەك هەنگاوی یەكەم بۆ كۆمەككردنی ئەو ماڵباتە كوردە ئاوارانەی كە چەندین ساڵە لە ئێران و توركیا نیشتەجێن و بە بەیەكجاری بڕیاریان داوە بگەڕێنەوە هەرێم، رێكخراوی كۆچی جیهانی كۆمەكی دارایی ئەو ماڵباتانە دەكات، كۆمەكەكەیش ئەوەیە كە هەر ماڵباتێك، بڕی 200 دۆلاری ئەمەریكاییان پێ دەدرێت".

ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار