ئهڵمانیا و كڕواتیا له ناتۆ بهڵێنی زیادكردنی كۆمهكی سهربازیان به پێشمهرگه دا
__2015_11_20_h21m3s17__HK.jpg)
ناتۆ-KDP.info- نوینهری كوردستان لهگهڵ نوێنهرانی ناتۆ كۆبوویهوه و لهوێدا داوای لێكردن كه كۆمهكهی زیاتری هێزی پێشمهرگه بكهن و نوێنهری ئهڵمانیا و كڕواتیایش بهڵێنی زیادكردنی كۆمهكی سهربازیان به پێشمهرگه دا.
لە سەر بانگهێشتی فەرمی کۆمەڵەی پەیمانی ئەتڵەسی ( NATO ) فەلاح مستەفا بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژانی 18 و 19/11/2015 وەک نوێنەری هەرێمی کوردستان بەشداری لە 61 یەمین کۆبوونەوەی گشتیی کۆمەڵەی پەیمانی ئەتڵەسی کرد کە لە شاری برۆکسل بە ئامادەبوونی (ئەلێکساندەر ڤێرشبۆ) جێگری سکرتێری گشتی ڕێکخراوی ناتۆ و دەیان کاربەدەستی باڵا و و باڵیۆزی سیاسی وعەسکەری وڵاتان لە ڕێکخراوی ناتۆ بەڕێوەچوو.
لە میانەی کۆنفرانسەکەدا فەلاح مستەفا گوتارێکی پێشکەشکرد کە تێیدا لە سەرەتادا سەرەخۆشی گەل و حکوومەت هەرێمی کوردستانی گەیاندە وڵاتی فەرەنسای هاوپەیمان لە پاش ئەو کردەوە تیرۆریستییەی کە لە پاریس ڕویدا و بووە هۆی گیان لەدەستدانی دەیان هاوڵاتی بێتاوانی ئەو وڵاتە.
پاشان بەرپرسی پیوەندییەکانی دەرەوە پانۆرامایەکی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و مرۆیی هەرێمی کوردستانی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو کە تێیدا بە وردی ئاماژەی بۆ ئەو تەحەدییە سەربازی و سیاسییانە کرد کە لە بەردەم هەرێمی کوردستان دان. لەو چوارچێوەیەدا فەلاح مستەفا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمڕۆ وڵاتانی جیهانی ئازاد ڕووبەڕووی دوژمنێکی هاوبەش بوونەتەوە کە سنوورەکانی نێوان وڵاتانی تێپەڕاندووە و بۆتە مەترسی بۆ هەموو لایەک. هەروەها ئاماژەی بەو ڕاستییەدا کە هەرێمی کوردستان لە بەرەی پێشەوەی ئەو جەنگەیەو هێزی پێشمەرگەی کوردستان کاریگەرانە توانیویەتی بەرەنگاری ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش ببێتەو و تێکی بشکێنێ. ئەمە لە کاتێکدا کە هەرێمی کوردستان ئابڵوقەی دارایی لە لایەن بەغداوە لە سەر دانراوە و هەروەها 2 ملیۆن ئاوارەی ناوخۆ و دەرەکی لەخۆگرتووە.
هەر لەو ڕوانگەیەوە بەرپرسی پیوەندییەکانی دەرەوە ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان پێویستی بە هاریکاری نێودەولەتی لە هەموو بوارەکانی سیاسی، ئابووری و مرۆیی دا هەیە. فەلاح مستەفا هاوکات داوای لە وڵاتانی ناتۆ کرد کە لە پێناو پێکانی ئامانجە هاوبەشەکان، وڵاتانی ناتۆ مامەڵەیەکی چڕتر لەگەڵ هێزی پێشمەرگە بکەن ئەوەش لە ڕێگەی پڕچەککردن و مەشق و ڕاهێنان بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و لە لایەکی دیکەش چارەکردنی ژمارەیەکی زۆر برینداری پێشمەرگە لە وڵاتانی دەرەوە. لە پاشاندا ئامادەبووان بە چەپلەڕێزان پێشوازییان لە پەیامەکەی نوێنەری کوردستان کرد.
هەر لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا بەڕێز فەلاح مستەفا بە یاوەی بەڕێز دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکیهتیی ئەورووپا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دووقۆڵی ئەنجامدا لەگەڵ جێگری سکرتێری گشتی ناتۆ و بالوێزی ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپی لە ناتۆ.
لە چوارچێوەی ئەو دانیشتن و کۆبوونەوانەدا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە ووردتر داواکارییەکانی هێزی پێشمەرگەی گەیاندە لایەنەکانی بەرامبەر. ئەوەی جێگەی ئاماژەیە، بە گشتی لایەنەکان پتر لە پێشتر بە هەندەوە داواکارییەکانی هەرێمی کوردستانیان وەرگرت و بە گشتی ئەو وڵاتانە بەڵێنیان داوە ئاستی هاریکارییەکانیان بۆ پێشمەرگەی کوردستان زیاد بکەن، ئەو پەیامەش بە تایبەتی لە لایەن نوێنەرانی ئەڵمانیا و کڕواتیا لە ناتۆ دووپاتکرایەوە.
ئەم پێشهاتەش لە کاتێکدا دێ کە کردەوە تیرۆریستییەکەی پاریسی پایتەختی فەرەنسا وەک زەنگێکی بەئاگا هێنانەوە بووە و ولاتان درکیان بەو ڕاستییە کردووە کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان تاکە هێزی متمانەپێکراوە کە کاریگەرانە لە دژی ڕیکخراوی تیرۆریستی داعش جەنگاوە و توانیویەتی لە ڕوبەڕوبونەوەیدا سەرکەوتنی مەزن بەدەست بهێنێ.




