دووبانی: نابێ دەستكارییان بكەن.. 15 گۆڕی بەكۆمەڵ لە شنگال دۆزراونەتەوە

شنگال-KDP.info- بەڕێوەبەری كاروباری ئێزدییەكان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی پارێزگای دهۆك رایگەیاند، تا ئێستا 15 گۆڕی بەكۆمەڵ لە شنگال دۆزراونەتەوە، تەنیا دوای رزگاركردنی شنگالیش 3 گۆڕی دیكە دۆزراونەتەوە و، پێشبینی دەكرێت 21 گۆڕی دیكەی بەكۆمەڵ بدۆزرێنەوە.
(هادی دووبانی) بەڕێوەبەری كاروباری ئێزدییەكان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی پارێزگای دهۆك، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوای رزگاركردنی شنگال لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی (سەرۆك بارزانی)، بەردەوام گۆڕەبەكۆمەڵەكانی كوردانی ئێزدی دەدۆزرێنەوە، تا ئێستایش 3 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە، كۆی ئەو گۆڕانەی تا ئێستا لەو ناوچە رزگاركراوانە دۆزراونەتەوە، گەییشتووەتە 15 گۆڕی بەكۆمەڵ".
(دووبانی) گوتیشی: "ئێستایش گەڕان بە دوای گۆڕەبەكۆمەڵەكاندا بەردەوامە و، بەپێی قسەی شایتحاڵەكان كە لە دەستی داعش ڕزگاریان بوووە، پێشبینی دەكرێت دوای رزگاركردنی ناوچەكانی دیكە، 21 گۆڕی دیكەی بەكۆمەڵ بدۆزرێنەوە".
بەڕێوەبەری كاروباری ئێزدییەكان دەشڵێت، نابێ هاووڵاتیان دەستكاریی گۆڕەبەكۆمەڵەكان بكەن، چونكە بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەبەكۆمەڵەكان لیژنەیەك هەیە و بە باشترین شێوە ئەو گۆڕانە هەڵدەداتەوە، كە ئەوانە دەبنە بەڵگە بۆ دادگای لاهای، بۆ ئەوەی مافی ئێزدییەكان نەخورێت و ئەو كارەساتە بە جینۆساید بناسرێت.
رابین شێروانی




