٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یەكێتیی ئەورووپا، پێشكەشكرنی هاریكاریی مرۆیی بۆ هەرێم دووپات كردەوە

سەرچاوە: KDP.info

برۆكسل-KDP.info- بەڕێوەبەری كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی كەندا و باكووری ئەفریقا لە یەكێتیی ئەورووپا، لە دیداریدا لەگەڵ بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وێڕای پیرۆزباییكردن لە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شنگال، پابەندبوونی یەكێتیی ئەورووپا و وڵاتانی ئەندامی بە پێشكەشكرنی هاریكاریی مرۆیی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.   

لە چوارچێوەی سەردانێكی فەرمیدا بۆ برۆكسل، (فەلاح مستەفا) بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بارەگای سەرەكیی ئۆفیسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەورووپای لە برۆكسل كرد و، لەوێ لە لایەن هەریەك لە (كریستیان بێرگەر) بەڕێوەبەری كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی كەندا و باكووری ئەفریقا و، (جۆن ئۆرورك) بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی كەنداو پێشوازی كرا.

لە میانەی دیدارێكدا باس لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و دامودەستگاكانی یەكێتیی ئەورووپا لە لایەك و وڵاتانی ئەندامی یەكێتییەكە لە لایەكی دیكەوە كرا، لە سەرەتادا (فەلاح مستەفا) ئاماژەی بە گرینگیی هەبوونی ئۆفیسی هەماهەنگیی یەكێتیی ئەورووپا لە هەولێر كرد كە ڕۆڵی باشی لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا هەبووە و دەبێت، پاشان بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە پانۆرامایەكی تایبەت بە بارودۆخی سیاسی و مرۆیی و ئابووری هەرێمی كوردستان بۆ لایەنی بەرانبەر خستە ڕوو.

 لە بەرانبەریشدا (كریستیان بێرگەر) خۆشحاڵیی خۆی بەرانبەر بە پێشكەوتنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو لا لە بوارە جیاجیاكاندا دەربڕی، سەربارەت بە باردوخی ئاساییشیش، (بێرگەر) پیرۆزبایی دواسەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی لە شنگال كرد و، ئەو سەركەوتنانەی وەك ئاماژەیەكی بەرچاو لە گرینگیی ڕۆڵی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، نیشان دا.

هەرچی پەیوەندی بە پرسی مرۆییەوە بێ، (كریستیان بێرگەر) جارێكی دی پابەندبوونی یەكێتیی ئەورووپا و وڵاتانی ئەندامی بە پێشكەشكرنی هاریكاریی مرۆیی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و ڕایگەیاند، ئەو هاریكاریانە لە داهاتوویشدا بەردەوام دەبن.

هەواڵی پەیوەندیدار