پەیامی هاوخەمیی سەرۆك بارزانی بۆ خانەوادەی خوالێخۆشبوو حەمەی حەمەسەعید

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بۆ خانەوادەی پێشمەرگە و تێكۆشەری ماندوونەناس خۆالێخۆشبوو حەمەی حەمەسەعید
بە بیستنی هەواڵی كۆچی دوایی شۆڕشگێڕ و پێشمەرگەی قارەمانی گەلەكەمان كاك حەمەی حەمە سەعید زۆر خەمبار بووم. كاكە حەمە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول و گولان و ڕۆڵەیەكی وەفاداری ڕێگەی كوردایەتی و ئازادیخوازی بوو. هەر لە تەمەنی لاوێتی هەتا دوایین چركەساتەكانی ژیانی بێ پسانەوە لەپێناو مافەكانی گەلەكەیدا خەباتی كردووە و كۆڵی نەداوە. لەدەست دانی ئەم تێكۆشەرە مەزنە خەسارەتێكی گەورەیە و هەموومانی خەمبار كرد.
لەم بۆنە خەمناكەدا هاوبەشی خەمتانم و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی ئێوە و سەرجەم خزم و ئاشنایان و هەڤاڵانی خوالێخۆشبوو و خەڵكی نیشتیمانپەروەری دەڤەری هەورامان دەكەم.
لە خوای گەورە داواكارم خوالێخۆشبوو كاك حەمەی حەمەسەعید بە بەهشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامییش بە هەموو لایەك ببەخشێت.
انا لله و انا الیە راجعون
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
19ـی 11ـی 2015




