20 ئامبۆڵانس بەسەر كەمپەكانی هەولێر، سلێمانی و كەركووكدا دابەش كران

هەولێر-KDP.info- دوای ئەوەی وڵاتی ژاپۆن بە هاوكاریی ڕێكخراوی (UNOPS) 20 ئامبۆڵانسی بۆ ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان دابین كردن، لە كەمپی بەحركە بە ئامادەبوونی باڵیۆزی ژاپۆن و بەرپرسانی حكوومی، ئەو ئامبۆڵانسانە بەسەر كەمپەكاندا دابەش كران.
(شاكر یاسین) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی كۆچ و كۆچبەرانی هەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پاش ئەوەی لە ساڵی 2014 داعش چەند ناوچەیەكی عێراقی داگیر كرد و هاووڵاتیان ئاوارە بوون، ئێمە پڕۆژەیەكمان لە ڕێگەی ڕێكخراوی (UNOPS) كە زۆر شتی لە خۆ دەگرت، لەوانە خێمە و سۆپا و بنكەی تەندروستی، خستە ڕوو، بەڵام ئەوان رایانگەیاند كە دەتوانن ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری دابین بكەن، ئەوە بوو لەسەر بوودجەی ژاپۆن 20 ئامبۆڵانس بۆ ئێمە دابین كران".
گوتیشی: "بە ئامادەبوونی باڵیۆزی ژاپۆن و نوێنەری ڕێكخراوی (UNOPS) ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەری شارەدێی بەحركە، لە كەمپی بەحركە ئەو مەراسیمە ئەنجام درا و 20 ئامبۆڵانس بەسەر كەمپەكاندا دابەش كران بۆ خزمەتگوزاریی پێویست لەناو كەمپەكان، لەو 20 ئامبۆڵانسەیش، 10 بۆ كەمپەكانی هەولێر، 6 بۆ سلێمانی و 4 بۆ كەركووك دەبن، هەروەها ئەو ئەمبۆڵانسانە ژمارەی میرییان پێوە دەبێت و سەر بە وەزارەتی ناوخۆ دەبن".
ڕابین شێروانی




