لە گەلی عەلی بەگ شاخ داڕما.. بەرگریی شارستانیی سۆران هۆشداری دەدات

سۆران-KDP.info- لە دوو رۆژی رابردوودا لە دەڤەری سۆران بەردەوام باران دەباری، ئەوەیش بووە هۆی داڕمانی شاخ لە گەلی عەلی بەگ و ڕێگای هاتوچۆی نێوان هەولێر – سۆران گیرا، بەڵام دواتر تیمەكانی بەرگریی شارستانی گەییشتنە شوێنی ڕووداوەكە و توانییان ڕێگاكە بكەنەوە.
عەمید (عیماد ڕێكانی) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "شەوی رابردوو بە هۆی داڕمانی شاخ لە گەلی عەلی بەگ نزیك كانی ماران، ڕێگاكە گیرا، بەڵام دوای ئاگاداركردنەوە، هەر زوو تیمەكانی ئێمە گەییشتنە شوێنی ڕووداوەكە و توانییان ڕێگاكە بكەنەوە".
گوتیشی: "خۆشبەختانە هیچ زیانێكی گیانی و ماددی بە دواوە نەبوو، بەڵام لە هەمان كاتیشدا هێشتا داڕمانی شاخ لە ناوچەكەدا مەترسییە بۆ سەر گیانی هاووڵاتیان، بەردێكی گەورەیش هاتبووە خوارەوە تەنانەت شۆڤڵیش نەیتوانی لایبدات، بۆیە دەبێت شۆفێران وریا بن".
رابین شێروانی




