٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات هاوكاریی ئاوەدانكردنەوەی شنگال بكەن

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  (نێچیرڤان بارزانی) داوای له‌ وڵاتانی ئەورووپا كرد، بە شێوەیەكی گشتی هاوكار بن بۆ ئەوەی بتوانن شنگال ئاوەدان بكەنەوە كە بەهۆی شەڕەوە بەشێكی زۆری وێران بووە.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 17/11/2015 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی پەرلەمانتارانی نەمسا بە سەرۆكایەتیی (ئەندریاس شیدەر) سەرۆكی فراكسیۆنی سۆشیال دیموكراتی نەمسا و ئەندامیەتیی نوێنەرانی سەرجەم پارتە سیاسییەكانی ناو پەرلەمانی نەمسا كرد.


لە دیدارێكدا شاندی میوان خۆشحاڵییان بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و، پیرۆزباییان پێشكەش بە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ ئەو سەركەوتنانەی هێزی پێشمەرگە كە لە دژی تیرۆرستانی داعش لە هەموو بەرەكانی جەنگ بە دەستیان هێناوە، بەتایبەتی لە ڕزگاركردنی شنگال لە دەستی تیرۆرستان و ئەم نەبەردی و قوربانیدانەی پێشمەرگەیان بەرز نرخاند كە لە جیهان دەنگی داوەتەوە.

هەروەها ئاماژەیان بە ڕەوشی مرۆییی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان کرد و سوپاسی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد بۆ پێشوازیكردن و هاوكاریكردنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران و، هیوایان خواست كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كۆمەك و هاوكاریی زۆرتر بۆ ئەو ئاوارە و پەنابەرانە دابین بكات، بۆ ئەوەی ئەو بارگرانییەی كەوتۆتە سەر هەرێمی كوردستان، سووكتر ببێت.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و پوختەیەكی لەبارەی بەرەكانی جەنگی هێزی پێشمەرگە لە دژی تیرۆرستانی داعش پێشكەش كرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا سەنگی هێز لە بەرەكانی جەنگدا لە بەرژەوەندیی هێزی پێشمەرگەدایە و سەركەوتنی هەرە نوێ و كاریگەری هێزی پێشمەرگەشی بەرز نرخاند، كە تیایدا توانی شاری شنگال لە دەستی تیرۆرستانی داعش ئازاد بكات. هەروەها هیوای خواست وڵاتانی ئەورووپا بە شێوەیەكی گشتی هاوكار بن بۆ ئەوەی بتوانن شنگال ئاوەدان بكەنەوە كە بەهۆی شەڕەوە بەشێكی زۆری وێران بووە.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا (نێچیرڤان بارزانی) باسی لەوە كرد كە ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەران لە ترسی تیرۆر ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و، بە باشترین شێوە پێشوازییان لێ كراوە و هاوكاری و خزمەتگوزارییان پێشكەش كراوە، بەڵام بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی كە هەرێمی كوردستان پێیدا تێدەپەڕێت، بارگرانییەكی زۆر بۆ حكوومەت دروست بووە، بۆیە هیوای خواست لە ڕووی مرۆییەوە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكاریی زیاتری هەرێمی كوردستان بكات تا بتوانن باشتر خزمەتی ئەو ئاوارە و پەنابەرانە بكەن. هەروەها باسی لە پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی كوردستان كرد و بە تابلۆیەكی زۆر جوان و سەركەوتووی پێكەوەژیانی ناساند و جەختی كردەوە كە بە هەموو شێوەیەك بەرگری لەو تابلۆ جوانەی پێكەوەژیان دەكات.

تاوتووكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و نەمسا لە لایەك و هەولێر و بەغدا لە لایەكی دیكە و بارودۆخی ناوچەكە بە شێوەیەكی گشتی و بە تایبەتی بارودۆخی سووریا، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

 

هەواڵی پەیوەندیدار