سمێر: گورزێکی کوشندە لە داعش وەشێندرا.. له شنگال و دهورووبهردا هێزی پێشمهرگه جێگیر كراوه

شنگال-KDP.info- فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە (قاسم سمێر) دەڵێ، چوار فرقە سهعاتێک نەیانتوانی خۆیان لەبەر داعش بگرن كهچی ھێزی پێشمەرگە بە12سهعات شنگالیان ئازاد کرد،کە ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ ئێمە و ئێستایش له شنگال و دهورووبهریدا هێزی پێشمهرگه جێگیر كراوه.
فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە شنگال (قاسم سمێر) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە بڕیاری (سەرۆک بارزانی) لە 12ی ئەم مانگەدا شنگال لەسەر دەستی ھێزی پێشمەرگە ڕزگار کرا؛ دیارە (سهرۆک بارزانی) وەختی خۆی بەڵێنی پێمان دابوو کە شنگال ڕزگار دەکات و، بەڵێنەکەیشی گەیاندە جێ؛ جا سپاسی (سەرۆک بارزانی) و پێشمەرگەیش دەکەین."
گوتیشی، وا بڵاوكرابووهوه كه من گوتوومه 100 کوردی ئێزدی لە گوندی قابووسیە ڕزگار کراوه، بهڵام من وام نهگوتووه، چونكه گوندەكه خەڵکەکەی موسڵمانن و لە ترسی تیرۆریستانی داعش ڕایانکردووە و، نایشزانم چەند کەسن، بەڵام کوردی ئێزدی نینە، چونکە من شارەزای ئەو گوندەم و دەزانم ھیچ کوردە ئێزدییەکی لێ نییە.
(قاسم سمێر) ڕوونیشی کردەوە، ئێستا شنگال و دەوروبەری، ھەمووی ھێزی پێشمەرگەی لێ جێگیر کراوە و، ڕێگای مووسڵ ــ سووریا، ھێزی پێشمەرگە گرتوویەتی و داعش ئیتر ناتوانێ ھاتوچۆی پێدا بکات.
(سمێر) راشیگەیاند، ئەمە گورزێکی کوشندە بوو لە داعش وەشێندرا، چونکە ھەموو ڕێگاکانیان لێ گیراوە و جگە لەوەش چوار فرقە سهعاتێک نەیانتوانی خۆیان لەبەر داعش بگرن، كهچی ھێزی پێشمەرگە بە 12سهعات شنگالیان ڕزگار کرد، کە ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ ئێمە.
بڵند ئیبراھیم




